Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان: کەمی چاودێریی بەربەستی لەبەردەم هەڵسەنگاندنی مەترسی ئەنفلۆنزای باڵندە دروست کردووە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت توانای بۆ هەڵسەنگاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی حاڵەتەکانی ئەنفلۆنزای H5N1 ئاڤیان – ئەنفلۆنزای باڵندە – لە سەرانسەری جیهاندا بەربەستی بۆ دروست بووە، ئەوەش بەهۆی کەمی چاودێریکردنی حاڵەتەکانەوە لە مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس وتی هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا چوارەمین حاڵەتی توشبوونی مرۆڤی بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمارکردووە، ئەوەش دوای ئەوە توشبووەکە بەرکەوتنی لەگەڵ مانگایەکی شیردەری توشبوودا هەبووە.

ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و ڕێگریکردنی ئەمەریکا وتی نەخۆشەکە کرێکار بووە لە کێڵگەیەکی شیرەمەنیدا کە لەوێ مانگاکان پشکنینیان بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون. کرێکارەکە نیشانەی کەمی هەبووە و چارەسەری بۆ کراوە و چاک بووەتەوە. تاوەکو ئێستا توشبوونی مرۆڤێک بە ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکی دیکەوە تۆمار نەکراوە.

تێدرۆس وتی کەمبۆدیاش بە هەمان شێوە دوو حاڵەتی تۆمار کردووە کە منداڵن و بەرکەوتنییان هەبووە لەگەڵ مریشکە نەخۆش یان مرداربووەکاندا.

وتیشی بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، ئاستی مەترسی ئەنفلۆنزای باڵندە لەسەر خەڵکەکە نزمە، بەڵام وتی قورسە هەڵسەنگاندنی تەواو بکەیت کاتێک چاودێریکردنی ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵاندا لە سەرانسەری جیهاندا زۆر کەمە.

تێدرۆس وتی " تێگەیشتن لەوەی ئەم ڤایرۆسانە چۆن بڵاودەبنەوە و لە ئاژەڵاندا دەگۆڕێن زۆر گرنگە بۆ ناسینەوەی هەر گۆڕانێک کە ڕەنگە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتا لە مرۆڤەکاندا زیاتر بکات."

هەروەها داوای لە هەموو وڵاتان کرد چاودێریکردنی ئەنفلۆنزای باڵندە پتەوتر بکەن و حاڵەتەکان لە ئاژەڵان و مرۆڤەکاندا تۆمار بکەن و نموونەی ڤایرۆسەکە بنێرن بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهان. تێدرۆس داواشی کرد پاراستن بۆ کرێکارانی کێڵگەکان دابین بکرێت کە ڕەنگە بەرکەوتنییان هەبێت لەگەڵ ئاژەڵە توشبووەکاندا.

سەبارەت بە دوایین زانیارییەکانیش سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، تێدرۆس وتی ڤایرۆسەکە هێشتا هەفتانە لە سەرانسەری جیهاندا دەبێتە هۆی بە تێکڕا گیان لە دەستدانی 1700 کەس.

سەبارەت بە ئاوڵەی مەیموونیش، تێدرۆس وتی لەم مانگەدا لە 26 وڵاتدا حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمار کراوە. وتی پەتاکە لە کۆنگۆ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 11,000 حاڵەت تۆمار کراون، لەم ساڵدا بەهۆی ئەو پەتایەوە 445 کەس گیانییان لە دەستداوە، زۆربەی ئەوانەی توشی دەبن منداڵانن.

لەمدواییانەدا ئەفریکای باشوور 20 حاڵەتی توشبوونی بە ئاوڵەی مەیموون تۆمار کردووە، سێ حاڵەتی گیان لە دەستدانیش هەبوون، ئەمەش یەکەمین حاڵەتن لەو وڵاتەدا لە دوای ساڵی 2022 ەوە. حاڵەتەکان سەرجەمییان پیاو بوون، زۆربەشییان خۆیان بە پیاو ناوبردووە و لەگەڵ پیاوانی دیکەدا خەوتوون. هیچ کامێکییان تۆمارییان نەبووە لەسەر ئەوەی پێشتر گەشتی دەرەوەیان کردبێت.


سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG