Accessibility links

بایدن ڕەتی دەکاتەوە سەرۆکی چین پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕەت کردبێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە گوایە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی چین شی جین پینگ پێشنیارێکی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بایدن ڕەت کردبێتەوە.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوەدا چەند کەسێک کە ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفونیە 90 خولەکیەکەی نێوان بایدن و شی بوون وتوویانە سەرۆکی چین پێشنیارەکەی بایدنی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە ڕەت کردۆتەوە، لەجیاتی ئەوە جەختی لەوە کردۆتەوە واشنتن دەبێت سەرەتا تۆنی دەنگی بەرامبەر پەکین نزم بکاتەوە.

کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا نائومێد بووە لەوەی شی نەیویستووە کۆببێتەوە لەگەڵیدا، بایدن وتی " ئەوە ڕاست نیە."

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەواڵەکە وێنایەکی ڕاستی پەیوەندییە تەلەفونیەکە نیە."

سەرچاوەیەک کە ئاگاداری وردەکاری پەیوەندییە تەلەفونیەکە بووە وتی هەواڵەکە ڕاست بووە. سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی وت " وادەردەکەوێت شی ئاماژەی بەوەداوە سەرەتا دەبێت تۆن و کەشی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە باش ببێت."

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری یەکێک لە سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە بایدن وەکو یەکێک لە ئەگەرەکانی بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیدا باسی لە کۆبوونەوە کردووە، بەڵام پێشبینی ئەوەی نەکردووە یەکسەر وەڵامی بدرێتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە لەکاتێکدا کە شی گرنگی بە بیرۆکەی کۆبوونەوە نەداوە، کۆشکی سپی پێی وابووە بەهۆی نیگەرانیەکانەوە بووبێت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سۆلیڤان لە بەیاننامەکەیدا وتی " وەکو پێشتر وتمان، دوو سەرۆکەکە تاوتوێی گرنگی ئەوەیان کردووە بتوانن پێکەوە بەتایبەتی گفتوگۆ بکەن، ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG