Accessibility links

سەرچاوەکان: جۆو بایدن بڕیاری داوە هەتا 11 ی مانگی نۆی 2021 لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێتەوە


سێ سەرچاوەی ناسراو بە ڕۆیترزیان گوتووە جۆو بایدن بڕیاری داوە هەتا 11 ی مانگی نۆی ساڵی 2021لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، واتە پاش 20 ساڵ لە شەڕێکی درێژی ئەمەریکا لە دژی ئەلقاعیدە.

سەرچاوەکان لەگەڵ ئەوەی داوایان کردووە ناوەکانیان نەهێنرێت هەتا کاتی ڕاگەیاندنی هەواڵەکە بە شێوەی فەرمی، بە ڕۆیترزیان ڕاگەیاندووە کشانەوەی ‌سەربازەکان لەسەر بنەمای هەندێک گەرەنتی ئەمنی و مافی مرۆڤ دەبێت. سەرچاوەکان وردەکاری زۆرتریان ئاشکرا نەکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە کورتەیەک لە بڕیارەکەی بۆ هاوپەیمانیان لە ناتۆ لە برۆکسل ڕابگەیەنن. سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، ڕەنگە بایدنیش بە ئاشکرا بڕیارەکەی ڕابگەیەنێت.

ئەگەر بڕیارەکەی بایدن پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا بە مانای تێپەڕاندنی1ی مانگی پێنج، واتە ئەو ماوەیەی کە بەڕێوەبەرایەتی دانۆڵد ترامپ لەگەڵ تاڵیبان دیاریان کردبوو بۆ کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا. تاڵیبان مانگی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر بێت و لە وادەی دیاریکراودا هێزەکان ئەفغانستان چۆڵ نەکەن، ئەوا لە دژی سەربازە بیانییەکان لە ئەفغانستان شەڕ دەست پێدەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG