Accessibility links

بایدن دەڵێت ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکات و پابەندە بە بەرگریکردن لە دورگەکەوە.

بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەریکا دەچێت بە هانای تایوانەوە و بەرگری لێدەکات، وتی " بەڵێ پابەندین بەوەوە." تایوان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سەربازیی و سیاسیی بۆتەوە لەلایەن چینەوە تاوەکو فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات.

لە مانگی هەشتدا بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن وتی سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر تایوان نەگۆڕاوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکات ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر.

بایدن وتی خەڵکەکە نابێت دودڵ بن لە بەهێزیی سوپای ئەمەریکا، چونکە " چین و ڕوسیا و تەواوی جیهان دەزانن ئێمە بەهێزترین سوپامان هەیە لە مێژووی جیهاندا."

وتی " ئەوەی دەبێت دودڵ بن لێی ئەوەیە کە ئایا کارێک دەکەن بیانخاتە حاڵەتێکەوە کە تیایدا هەڵەیەکی گەورە بکەن یاخود نا."

بایدن وتی " جەنگی ساردم لەگەڵ چیندا ناوێت، تەنها دەمەوێت چین لەوە تێبگات ئێمە ناگەڕێینەوە، ڕاوبۆچوونەکانمان ناگۆڕین."

تایوانیش دەڵێت وڵاتێکی سەربەخۆیە و بەرگری لە ئازادی و دیموکراسیەکەی دەکات.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون وتی " هەوڵی یەکخستنەوەیەکی ئاشتیانە دەدەین لەگەڵ تایواندا و وەڵامی هەوڵی جیاخوازەکان دەدەینەوە " .

وتی " ئێمە کێشە دروست ناکەین، بە پێچەوانەوە، هەندێک وڵات، بەتایبەتی ئەمەریکا کاری مەترسیدار ئەنجام دەدات، ڕەوشی تەنگەی تایوانی بردووە بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا."

وتیشی " پێم وایە لەم کاتەدا دەبێت داوا لە ئەمەریکا بکەین واز لەو جۆرە کارانە بهێنیت. ڕاکێشانی تایوان بۆ ناو جەنگ لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نیە. پێم وانیە ئەمەریکا سوود لەوە ببینێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG