Accessibility links

سەرۆک بایدن سەردانی پۆڵەندا دەکات


وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی بەمەبەستی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە بووەتە هۆی " دروستبوونی قەیرانی مرۆیی و قەیرانی مافەکانی مرۆڤ " گەشت دەکات بۆ پۆڵەندا.

کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن سەردانی وارشۆ دەکات و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئاندرێ دودادا کۆدەبێتەوە. پاسەوانی سنووری پۆڵەندا دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە ئۆکرانیاوە هەڵهاتوون و هاتوونەتە پۆڵەندا.

کۆشکی سپی وتی سەردانەکەی سەرۆک بایدن بۆ پۆڵەندا ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکانی دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپادا، کە مەبەست لەو کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا.

کۆشکی سپی وتیشی ڕۆژی دووشەممە سەرۆک بایدن میوانداری پەیوەندییەکی تەلەفونی دەکات لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن، مەبەست لە پەیوەندییەکەش تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەکان دەبێت سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

ڕۆژی پێنجشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە مانگی ڕابردووەوە تاوەکو ئەو کاتە نزیکەی 3.2 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا وڵاتەکەیان جێهێشتووە. وتیشی هەندێک لەو 2 ملیۆن هاوڵاتییەی هاتوونەتە پۆڵەنداوە بەرەو وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆیشتوون، بەڵام زۆرینەیان " باوەڕوایە هێشتا لە پۆڵەندا مابێتنەوە."

کۆشکی سپی وتی ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک بایدن ئامادەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت لەسەر ئۆکرانیا، دواتر لەگەڵ ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوتیشدا کۆدەبێتەوە. هەروەها وابڕیارە ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئەوروپا بێت کە تیایدا تاوتوێی ئۆکرانیا دەکرێت و " باس لە هەوڵەکان دەکرێت بۆ سەپاندنی سزای ئابووری دیکە بەسەر ڕووسیادا، هەروەها دابینکردنی پشتیوانی مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە توندوتیژییەکان زیانیان پێگەیاندوون، هەروەها باس لەو کێشانەش دەکرێت کە پەیوەستن بە ململانێکانەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی یەکشەممە ساکی وتی بایدن پلانی نیە سەردانی ئۆکرانیا بکات لەماوەی گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا لەم هەفتەیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG