Accessibility links

بایدن و ستارمەر کۆدەبنەوە و ئۆکرانیا داوای کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکان دەکات لەسەر بەکارهێنانی چەکەکان


ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر کۆدەبنەوە لە کاتێکدا ئۆکرانیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا کۆتوبەندەکانییان کەم بکەنەوە لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە داوییانە بە ئۆکرانیا و ئۆکرانیا بتوانێت بەکارییان بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناو ڕووسیا.

گفتوگۆکان لە کاتێکدان کە ڕەنگە کۆشکی سپی بەرەو گۆڕینی سیاسەتەکەی بچێت، هەروەها لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداریدا و وتی بەکارهێنانی چەکە مەودا دوورەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە ناتۆ دەخاتە مەترسی جەنگەوە لەگەڵ ڕووسیادا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا لە ماوەی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیدا بۆ کیێڤ جەختییان لە داواکانییان کردەوە بۆ بەکارهێنانی موشەکە مەودا دوورەکانی ڕۆژئاوا بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا. بلینکن وتی " هیچ گومانێکی نیە " لەوەدا کە بایدن و ستارمەر تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەن لە ماوەی سەردانەکەدا، ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا " بەپێی پێویست خۆی دەگونجێنێت " لە کاتێکدا کە ستراتیژی گۆڕەپانی جەنگەکەی ڕووسیا گۆڕاوە.

لە کاتێکدا کە پرسەکە پێشبینی دەکرێت یەکێک بێت لە پرسە سەرەکییەکان لە گفتوگۆکانی نێوان دوو سەرکردەکەدا، بەڵام وادیارە کە پێناچێت بایدن و ستارمەر لە ماوەی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەدا هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکەدا ڕابگەیەنن، ئەمەش بەپێی دوو بەرپرسی ئەمەریکایی نزیک لە پلانەکانی سەرکردەکانەوە.

بایدنیش پێشتر لەم هەفتەیەدا لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا ئامادەیە کۆتوبەندەکانی لەسەر بەکارهێنانی چەکەکانی لەلایەن ئۆکرانیاوە کەم بکاتەوە یان نا، وتی " ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین."

ڕۆژی پێنجشەممە پوتن وتی ڕێگەدان بە ئۆکرانیا تاوەکو هێرشی ئاسمانی مەودا دوور دژی ڕووسیا ئەنجام بدات " ئەوە دەگەیەنێت کە وڵاتانی ناتۆ، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاش لە جەنگدان لەگەڵ ڕووسیادا... ئەگەر ئەمە وابێت ئەوا بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گۆڕانکارییە لە ململانێکەدا، بڕیاری گونجاو دەدەین بەپێی ئەو مەترسییانەی کە دروست دەبن بۆمان."

پێشتر لەم ساڵدا پوتن هۆشداریدا و وتی ڕووسیا دەکرێت چەکی مەودا دوور بدات بە وڵاتانی دیکە تاوەکو لە ئامانجە ڕۆژئاواییەکان بدەن لە وەڵامێکدا بۆ ناتۆ ئەگەر ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن چەکەکانییان بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا. وتی " ئەوە دەبێتە بەشداری ڕاستەوخۆیان لە جەنگەکەدا دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا، ئێمەش مافی خۆمانە بە هەمان شێوە ڕەفتار بکەین."

ستارمەر لە ڕێگایدا بۆ ئەمەریکا لە وەڵامی لێدوانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی پوتندا وتی بەڕیتانیا هەوڵی ململانێ نادات لەگەڵ ڕووسیادا.

ستارمەر وتی " ڕووسیا ئەم جەنگەی دەستپێکرد، ڕووسیا بە شێوەیەکی نایاسایی ئۆکرانیای داگیرکرد. ڕووسیا دەتوانێت دەستبەجێ کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت. ئۆکرانیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و ئێمەش ئاشکرایە کە بە تەواوەتی پشتیوانیمان لە مافی ئۆکرانیا کردووە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، وەکو دەشزانن توانای مەشقییان بۆ دابین دەکەین."

وتیشی " بەڵام هەوڵی ململانێ نادەین لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوە بە هیچ شێوەیەک نیازی ئێمە نیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG