Accessibility links

سەرۆک بایدن بۆ مۆدی: کڕینی نەوتی زیاتر لە ڕووسیا لە بەرژەوەندی هیندستاندا نیە


بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی وتووە کڕینی نەوتی زیاتر لە ڕووسیا لەلایەن هیندستانەوە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نیە و ڕەنگە بێتە هۆی کۆسپ خستنەبەردەم وەڵامدانەوەکەی ئەمەریکا بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆبوونەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن کۆبوونەوە یەک کاتژمێرییەکە " گەرم و گوڕ و ڕاشکاوانە " بووە. سەرۆک بایدن و مۆدی هەردووکیان بە ئاشکرا نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە زیادبوونی وێرانکارییەکان لە ئۆکرانیا دەربڕیوە، بەتایبەتی لە بوچا کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون تیایدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان سەرۆک بایدن بە سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی وتووە پێگەی هیندستان لە جیهاندا بە پشتبەستن بە وزەی ڕووسیا گەشە ناکات.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " سەرۆک بەڕوونی ئاماژەی بەوەداوە کڕینی وزەی زیاتر لە ڕووسیا لەبەرژەوەندی ئەواندا نیە."

گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەنێوان ئەمەریکا و هیندستاندا ئەنجامدراوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات هیندستان سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات و فشاری ئابووری بخاتە سەر مۆسکۆ.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدندا، مۆدی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەمدواییانەدا هەواڵی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە شارۆچکەی بوچا زۆر نیگەرانکەر بوو. دەستبەجێ سەرکۆنەمان کرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆمان کردووە."

مۆدی ئاماژەشی بەوەدا لە گفتوگۆکانی ئەمدواییەیدا لەگەڵ ڕووسیا پێشنیاری ئەوەی کردووە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕووبەڕوو کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن.

بایدن لە مانگی سێدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆدیدا وتی هیندستان تاکە وڵاتە لە گروپی کواددا کە " بە جۆرێک دوودڵە " لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.


گروپی کواد هەریەک لە ئەمەریکا و هیندستان و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا دەگرێتەوە، هیندستان هەوڵیداوە هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ڕۆژئاوادا، بەڵام ئەندامانی دیکەی گروپەکە سەرجەمییان سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هیندستان لانی کەم 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕووسیا کڕیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتی ڕووسیاوە دوابەدوای سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر کۆمپانیا و لایەنەکانی ڕووسیا. هەموو ساڵی ڕابردوو هیندستان تەنها 16 ملیۆن بەرمیلی نەوتی لە ڕووسیا کڕیوە.

ساکی باسی لەوە نەکرد کە ئایا هیندستان هیچ بەڵێنێکی داوە لەسەر هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا یاخود نا، بەڵام وتی واشنتن ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەو وڵاتە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا وتی " بەدیاریکراوی داوامان لە هیندستان نەکردووە هیچ شتێک بکات، هیندستان خۆی بڕیاری خۆی دەدات."

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان سەرۆک بایدن بە مۆدی وتووە بە پەرۆشەوەیە لە کۆبوونەوەکەی کواددا لە ژاپۆن چاوی پێی بکەوێت کە وابڕیارە لە 24 ی مانگی پێنجدا بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG