Accessibility links

بایدن دیاریکردنی جەنەڕاڵ لوەید ئۆستن بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتڕاست دەکاتەوە


لوەید ئۆستن
لوەید ئۆستن

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن دیاریکردنی جەنەڕاڵی خانەنشین لوەید ئۆستنی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.

لە کاتێکدا ئەگەر کۆنگرێسی ئەمەریکا ئۆستن بۆ ئەو پۆستە پەسەند بکات ئەوا دەبێتە یەکەمین ڕەشپێست پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بگرێتەدەست.

جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی ئۆستن " بەشێوەیەکی نموونەیی دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو کێشە و قەیرانانە ببێتەوە کە لە ئێستادا ڕووبەڕوومان بوونەتەوە."

وتیشی " بەدرێژایی خزمەتەکەی و لەو ماوە زۆرەی پێکەوە لە ژووریی ئەرکەکان لە کۆشکی سپی و هێزەکانمان لە دەرەوە بەسەرمان بردووە، جەنەڕاڵ ئۆستن سەلماندوویەتی کەسێکی نموونەییە لە سەرکردایەتیدا."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ئۆستن کەسێکی بەڕێز و سەرسوڕهێنەرە و کەسایەتییەکی دیارە لە مێژووی سوپای ئەمەریکادا." هەروەها ئاماژەش بەوە دەدات " لە ساڵی 2016 دا و دوای 40 ساڵ خزمەتکردن لە بەرگریکردن لە ئەمەریکا خانەنشین بووە."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا بایدن لە بەڕێوبەرایەتیەکەی داهاتوویدا ئۆستنی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دیاریکردووە.

لوەید ئۆستن لە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بەشداری کردووە و دواتریش سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتۆتە دەست.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG