Accessibility links

بایدن دانوستانی نوێی دەوێت سەبارەت بە بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت دەیەوێت بەزووترین کات دوای گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان دانوستانی نوێ لەگەڵ ئێراندا بکات بەڵام بە " ڕاوێژکردن " لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکادا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئاماژەی پێدابوو، وتی " ئەگەر تاران دووبارە ڕێز لە بەرپرسیارێتیەکانی بگرێتەوە " ئەوا واشنتن وەکو " خاڵی دەستپێکردن " دەگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنەکە.

جۆو بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هێشتا لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی ماوە وتی " شتەکە قورس دەبێت بەڵام بەڵێ."

وتیشی " تەنها ڕێگە بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە سەقامگیری لە ناوچەکەدا ئەوەیە گرنگی بە بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران بدرێت." ڕوونیشی کردەوە " ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی ئەوا کێبڕکێی خۆپڕچەک کردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات و نامانەوێت ئەو شتە لەو بەشەی جیهاندا ڕووبدات."

گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە مانای لابردنی ئەو سزا توندانەیە کە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەپاندوویەتی بەسەر ئێراندا.

بایدن ڕایگەیاند تەنها دوای گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنەکە " بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەست دەکەین بە دانوستانەکان و ڕێکەوتنەکانی دیکە تاوەکو کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران توندتر و درێژتر بکەینەوە و هەروەها تاوتوێی بەرنامە موشەکیەکەشی بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG