Accessibility links

سەرۆک بایدن پێدانی فڕۆکەی ئێف 16 بە ئۆکرانیا ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 نادات بە ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە کیێڤ داوای چەکی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕووسیا ببێتەوە و ناچارییان بکات لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا بکشێنەوە.

هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئەمەریکا و ئەڵمانیاشەوە پێدانی تانکی قورسی شەڕکەرییان بە ئۆکرانیا پەسەند کرد.

بەڵام سەرۆک بایدن کاتێک پرسیاری سەبارەت بەوە لێکرا ئایا دەیەوێت فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکایی بدات بە ئۆکرانیا، لە وەڵامدا وتی " نەخێر."

ڕابەرانی ئەوروپا دەڵێن کراوەن بە ڕووی ئەو بیرۆکەیەدا، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا بە فەڕمی داوای فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی لە هاوپەیمانەکانی نەکردووە.

شارەزایان پێیان وایە ئۆکرانیا و ڕووسیاش ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشێکی گەورە لە چەند مانگی داهاتوودا و فڕۆکەکانی ڕۆژئاوا دەتوانن هێزی کیێڤ زیاتر بکەن، لە کاتێکدا کە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە ماوەی 11 مانگی جەنگەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی بە دووری نازانێت فڕۆکەی شەڕکەر بدات بە ئۆکرانیا، بەڵام هۆشداریدا دژی پەرەسەندنی جەنگەکە.

ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیری هۆڵەندادا گفتوگۆی کردووە، هۆڵەندا بیری لەوە کردۆتەوە فڕۆکەی ئێف 16 بدات بە ئۆکرانیا.

ماکرۆن وتی " هیچ شتێک بە دوور نازانین."

وتی " پێدانی چەک نابێت ببێتە هۆی لاوازکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا." وتیشی فەڕەنسا دەبێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەو چەکانەی کە ڕەوانەیان دەکات بەکارنەهێندرێن بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناو ڕووسیادا، کە ئەوە دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگەکە.

سەرۆک وەزیری هۆڵەندا وتی " تاوان نابێت بەڵام هەنگاوێکی گەورە دەبێت."

لەلایەکی دیکەوە لە ئەمەریکای باشوور، سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا وتی " بەڕازیل هیچ بەرژەوەندییەکی نیە لە ڕەوانەکردنی تەقەمەنیدا بۆ ئۆکرانیا."

لولا وتی " بەڕازیل وڵاتێکی ئاشتیخوازە. پێشنیاری من ئەوەیە گروپێک لە وڵاتان دروست بکەین لەسەر مێزێک لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیادا دابنیشن و هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی بدەن."

وتیشی لەگەڵ ماکرۆندا باسی لەو بیرۆکەیە کردووە و لەگەڵ سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگیشدا باسی لێوە دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG