سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف - 16 ی ئەمەریکی، وتیشی پێی وتووە واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی ببینێت ئەنقەرە دەستبەرداری دژایەتیکردنی داواکەی سوید بهێنێت بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
گفتوگۆکە لە ماوەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بووە کە تیایدا سەرۆک بایدن پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد بەهۆی سەرکەوتنییەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا.
سەرۆک بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " قسەم لەگەڵ ئەردۆغاندا کرد. پیرۆزباییم لە ئەردۆغان کرد. ئەو هێشتا دەیەوێت شتێک بکات لەسەر ئێف - 16 ەکان. پێم وت دەمانەوێت لەگەڵ سویددا مامەڵە بکەین، لەبەرئەوە با ئەوە جێبەجێ بکەین. دواتریش پەیوەندییمان دەبێت."
وتی " هەفتەی داهاتوو قسەی زیاتری لەسەر دەکەین."
سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکە وتی دوو سەرۆکەکە ڕێککەوتوون لەسەر پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانییان لە سەرجەم بوارەکانی پەیوەندییە دوو لایەنەکەیاندا.
تورکیا هەوڵیداوە بە بڕی 20 ملیار دۆلار فڕۆکەی ئێف - 16 لە ئەمەریکا بکڕێت، بەڵام کۆنگرێسی ئەمەریکا دژایەتی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەی کردووە بە تورکیا، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن چەندین جار پشتگیری لێکردووە.
ساڵی ڕابردوو سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا کرد، وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، داواکانییان پێویستی بەوە بوو سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پەسەندی بکەن.
لە کۆتایی مانگی سێدا تورکیا داواکەی فینلەندای بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە دژایەتیکردنی داواکەی سوید، دەڵێت ستۆکهۆڵم داڵدەی ئەندامانی ئەو گروپە چەکدارییانەی داوە کە تورکیا بە تیرۆریستییان دەزانێت. تاوەکو ئێستا هەنگاریاش داواکەی سویدی پەسەند نەکردووە.
ئەمەریکا هیوادارە لە ماوەی کۆبوونەوەکەی مانگی حەوتی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە لیتوانیا سویدیش ئامادە بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز