Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێـک لە ئیماراتی عەرەبە


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێـک لە ئیماراتی عەرەبە و لەوێ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بە مەبەستی وتووێژکردن لەبارەی کێشە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جۆ بایدن ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیمارات و ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نهیـیان وەلی عەهدی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی باڵای لەشکری ئیمارات کۆبۆوە.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممەش لەگەڵ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم جێگری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیر لە دوبەی کۆبـبێتەوە.

هەروەها سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە دەکات کە بەشداری لە شەڕی دژی داعش دەکەن.

پاش ئیمارات بڕیارە هەر لەم هەفتەیە سەردانی ئوردن و ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوای فەلەستینیـیەکان بکات.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی سەردانەکەی باسی لە قەیرانی سوریا بۆ میدیاکانی کرد، لەوانە بۆ ڕۆژنامەی The National ی ئیماراتی. بایدن گوتویەتی چارەسەری سیاسی تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتایی‌هێنان بە قەیرانی سوریا، بەڵام ئەوەش کارێـکی قورسە.

پاشان گوتی لە ئێسـتادا کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ڕژێمی ئەسەد و ئۆپـۆزسیۆن بۆ سەر مێزەکانی دانوسـتاندن.

باسی لەوەش کرد ئەم شەڕە ناوخۆیە کەوا پـێنج ساڵە درێژەی کێشاوە بە ڕێگەی لەشکری چارەسەر ناکرێت. گوتی دەبێت ئەمە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت.

XS
SM
MD
LG