Accessibility links

بایدن پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیری نوێی ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیری نوێی ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیەکی حیزبە سیاسییەکانی ئیسڕائیل کۆتایی بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهو هێنا و حکومەتی نوێیان پێکهێنا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " پیرۆزباییم لە سەرۆک وەزیر نەفتاڵی بێنێت و جێگرەوەی سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید و سەرجەم ئەندامانی کابینەی حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیل کرد."

وتیشی " بەپەرۆشەوەم لەگەڵ سەرۆک وەزیر بێنێتدا کاربکەم لەپێناو پتەوکردنی سەرجەم ڕووەکانی ئەم پەیوەندییە نزیک و توندوتۆڵەی لەنێوان دوو وڵاتەکەماندا هەیە. ئیسڕائیل هیچ هاوڕێیەکی باشتر لە ئەمەریکای نیە."

بایدن ئەوەشی خستەڕوو " بەتەواوەتی پابەندم بەوەی کار لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیلدا بکەم بۆ پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بۆ ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینیەکان، هەروەها سەرجەم ئەو خەڵکانەی لە ناوچەکەدان."

لەلای خۆیەوە بێنێت لە تویتەر وەڵامی بایدنی دایەوە و وتی " سوپاس جەنابی سەرۆک، بە پەرۆشەوەم لەگەڵتدا کاربکەم لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانمان."

لەلایەکی دیکەشەوە بەشێوەیەکی جیا وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن پیرۆزبایی لە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز کرد. گانتز لەم حکومەتە نوێیەشدا لە پۆستەکەی خۆی دەمێنێتەوە.

ئۆستن وتی " بەپەرۆشەوەم بەردەوام بم لە هەماهەنگی و گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیر گانتزدا تاوەکو پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل قوڵتر بکەینەوە." وتیشی " پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە هەر بە پتەوی دەمێنێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG