Accessibility links

بودجەکەی بایدن خەرجی سەربازیی ئەمەریکا زیاد دەکات و باج لەسەر ملیاردێر و کۆمپانیاکان زیاتر دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پلانێکی بودجەی 5.79 تریلیۆنی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە تیایدا داوا دەکات خەرجی سەربازیی ئەمەریکا لە کاتی ئاشتیدا بۆ ڕێژەیەکی پێوانەیی زیاد بکرێت و یارمەتی زیاتری ئۆکرانیا بدرێت، هاوکات داوا دەکات باجی سەر ملیاردێر و کۆمپانیاکان زیاد بکرێن.

پێشنیارەکەی بایدن بۆ بودجەی ساڵی 2023 کە لە یەکی مانگی 10 دا دەستپێدەکات، ئەرکە سەرەکییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی دەردەخات، لەوانەش جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا داویەتی بۆ زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەند و کۆمپانیاکان. بەڵام یاسادانەرانی کۆنگرێس بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتەکانی بودجە دەدەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی بەپەرۆشەوەیە بۆ کارکردن لەسەر " پێشنیارە چاونەترسەکەی بایدن ". کۆمارییەکان و دیموکراتە مام ناوەندەکان لە بودجەی ساڵی 2022 دا پێشنیارێکی لەو شێوەیەیان ڕەت کردەوە.

سەرۆک بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو بودجەیەی ئەمڕۆ ئاشکرای دەکەم پەیامێکی ڕوون دەنێرێت لەسەر ئەوەی ئێمە بەرپرسیارێتی دارایی و پارێزراوی و ئاسایش لەناوخۆی ئەمەریکا و سەرانسەری جیهاندا بەنرخە لامان، هەروەها وەبەرهێنانەکانیش پێویستن بۆ بەردەوامبوونی پەرەسەندنمان و بونیادنانی ئەمەریکایەکی باشتر."

سەرۆک بایدن داوای زیادکردنی خەرجی سەربازیی کردووە بۆ پتەوترکردنی سوپای ئەمەریکا و " ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنکارییەکەی پوتن دژی ئۆکرانیا "، ئەوەش لەڕێی دابینکردنی 1 ملیار دۆلارەوە وەکو پشتیوانییەکی دیکەی ئەمەریکا بۆ پێویستییە ئەمنی و ئابووری و مرۆییەکانی ئۆکرانیا.

بایدن داوای 773 ملیار دۆلار دەکات بۆ وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە، هەروەها 40 ملیار دۆلاری دیکە بۆ پڕۆگرامەکانی پەیوەست بە بەرگرییەوە لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و وەزارەتی وزە و دەزگاکانی دیکەی وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG