Accessibility links

بایدن لە یادی ڕۆژی سەربەخۆیی ئۆکرانیادا یارمەتی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

لە ساڵیادی 31 ساڵەی سەربەخۆیی ئۆکرانیادا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ستایشی " بوێری نائاسایی و خۆتەرخانکردنی گەلی ئۆکرانیا کرد بۆ ئازادی " و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕووسیا، هاوکات دووبارە جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردەوە بۆ ئۆکرانیا و بڕی 3 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی بۆ کیێڤ ڕاگەیاند.

سەرۆک بایدن گوتی ڕۆژی سەربەخۆیی " تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نیە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەیەکە لەسەر ئەوەی ئۆکرانیا بە شانازییەوە وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر ماوەتەوە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە."

بایدن گوتی یارمەتییە سەربازییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ئامانج لێیان یارمەتیدانی ئۆکرانیایە لە بەرگریکردن لە خۆی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن هەندێک لەو چەکانەی ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون ڕەنگە بۆ یەک دوو ساڵ بەکارنەهێندرێن.

گوتیشی یارمەتییە سەربازییەکان بریتین لە سیستمی بەرگری ئاسمانی و سیستمی تۆپهاوێژ و تەقەمەنی و سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا ئەمەریکا 10.6 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا خەرج کردووە.

بایدن گوتی دەزانێت یادکردنەوەی ڕۆژی سەربەخۆیی لەم ساڵدا بۆ زۆرێک " یادێکی تاڵ و شیرینە لەکاتێکدا هەزاران کەس کوژراون یاخود برینداربوون، ملیۆنان کەس ئاوارە بوون، زۆرێکی دیکە بوونە قوربانی کارە دڕندانەکان و هێرشەکانی ڕووسیا."

بایدن گوتی " ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا دەوەستین تاوەکو ڕایبگەیەنین کە ئەو تاریکییەی دەبێتە هۆی کردەوەی دڕندانە هاوتای گڕی ئەو ئازادییە نین کە ڕۆحی خەڵکانی ئازادی لە هەمووجێگایەک ڕووناک کردۆتەوە."

XS
SM
MD
LG