Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک جۆو بایدن لەسەر بارودۆخی ئەفغانستان بدوێت


گووتەبێژی کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە لەسەر بارودۆخی ئەفغانستان قسە بکات.

دوایین لێدوانی بایدن ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا وردەکاریی نوێی لەسەر ئەو بێسەوبەرییە بڵاوکردەوە کە لە کاتی ئۆپەراسۆنی گواستنەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی لە کابوڵ ڕوویدابوو و گوتی، تەرمی مرۆڤ لە نێوان چەرخی فڕۆکەیەکی لەشکریدۆزراوەتەوە پاش ئەوی لە بنکەی ئەلعودەید لە قەتەر نیشتووەتەوە.

پنتاگۆن وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەدان هاووڵاتی ئەفغانی لە ناو فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکادا بوون، لەو دەمەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە ڕۆژی یەکشەممەدا دەگوازرانەوە، لەو کاتەی کە تاڵیبان ، پاش دەستگرتنی بەسەر زۆربەی ئەفغانستاندا، پایتەختی وڵاتەکەشی کۆنترۆڵ کرد.

هەندێک لە خەڵکەکە ئەوەندە بێهیوا بوون، خۆیان بە فڕۆکەیەکی لەشکرییەوە هەڵواسی لە دەمی فڕینیدا لە درەنجامدا گیانیان لەدەستدا.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێشتا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابولیان بەدەستەوەیە، کە لەوێ ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی خەڵکی سیڤیل و دیپلۆماتکارن لەڕێی فڕۆکە لەشکرییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.

شایانی باسە تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، بەرپرسان گوتیان ئەمەریکا زیاتر لە 3200 کەسی گواستووەتەوە کە لەناویاندا کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، هاووڵاتیانی ئەمەریکی، ئەفغانی و هاووڵاتیانی وڵاتانی تر بوون.

جگە لەوانەش، ئەمەریکا نزیکەی 2000 کۆچبەری تایبەتی ئەفغانی بۆ ئەمەریکا گواستووەتەوە.

XS
SM
MD
LG