Accessibility links

بەهۆی زریانی بێریل بایەکی مەترسیدار بەرەو کاریبیان بەڕێوەیە


ناوەندی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمەریکا دەڵێت زریانی بێریل بووەتە زریانێکی مەترسیداری پلە 3 لە زەریای ئەتڵەسیدا و بایەکی مەترسیدار لەسەر ژیان بۆ دوورگەکانی کاریبیان دەهێنێت و ڕۆژی دووشەممە بەهێزتر دەبێت.

ناوەندەکە لە ئاگادارییەکدا وتی زریانی بێریل یەکەم زریانی گەورەیە لە ساڵی 2024 دا و بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 675 کم لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی باربادۆسەوە بیندراوە و بایەکی بەردەوامی هەیە بە خێرایی 100 مەتر لە کاتژمێرێکدا. جێی ئاماژەیە دەرکەوتنی زریانێکی گەورە لەم کاتە زووەی ساڵدا شتێکی دەگمەنە.
بەپێی پێوەری بای سافیر سیمپسن، پێشبینی دەکرێت زریانی بێریل تاوەکو ڕۆژی دووشەممە بەهێزتر ببێت و ببێتە زریانی پلەی 4، بە بایەکەوە کە دەتوانێت " زیانێکی کارەساتاویی " دروست بکات. ئاگادارییەکان لەسەر زریانەکە لە باربادۆس و سەینت لوشیا و سەینت ڤینسینت و دوورگەکانی گرینادین و گرینادا تۆباگۆ بڵاوکراونەتەوە.

ناوەندی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمەریکا ئەو دوورگانەی ئاگادار کردەوە و وتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ 15 سم لە باران. وتی زریانی بێریل ئاستی ئاوەکان بۆ 2.74 مەتر زیاتر لە ئاستی ئاسایی بەرز دەکاتەوە.

مانگی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتی زەریا و کەش و هەوای نیشتیمانی ئەمەریکا پێشبینی ئەوەی کرد لە ساڵی 2024 دا " چالاکییەکی زریانی نائاسایی " لە زەریای ئەتڵەسیدا دەبێت، بەشێکی هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای زەریاکە.

شتێکی ئاسایی نیە زریانێکی گەورە بەم زووییە لەم وەرزەدا دروست ببێت، کە لە 1 ی شەشەوە تاوەکو 30 ی مانگی یانزە بەردەوام دەبێت.

ناوەندی نیشتیمانی زریانەکان وتی ئەگەر زریانی بێریل وەکو ئەوەی پێشبینی کراوە بگاتە پلەی 4، ئەوا دەبێتە زووترین زریان کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت، بەمەش پێش زریانی دێنیس دەکەوێت کە لە 8 ی مانگی حەوتی ساڵی 2005 دا گەیشتە پلەی 4.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG