Accessibility links

دوای هێرشەکانی سەر ساڵ، یەکێتی پۆلیسی ئەڵمانیا داوای ڕێگریکردن لەو هێرشانە دەکات


گەورەترین یەکێتی پۆلیسی ئەڵمانیا داوای کارێکی یەکگرتوو دەکات بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی زیادەڕۆی توندوتیژییەکان کە لە ماوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا لە بەرلین و شارەکانی دیکەی ئەڵمانیا بیندران، کە تیایاندا ئەفسەرانی پۆلیس و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و کارمەندانی تەندروستی لە ڕێی یارییە ئاگرینەکانەوە هێرشییان کرایەسەر.

پۆلیسی ئەڵمانیا لە بەرلین دەیان حاڵەتی هێرشی تۆمارکردووە و دەڵێت 41 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون. لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت خەڵکەکە یارییە ئاگرینەکان دەگرنە ئوتومبێلەکانی پۆلیس و فریاکەوتن، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە سەرکۆنەکرا.

سەرۆکی یەکێتی گڤێکشافت پولیتزهای، یۆخن کۆپڵگە وتی " دەبێت گفتوگۆیەکی دەستبەجێ " هەبێت لەسەر هۆکار و دەرەنجامەکانی ئەو جۆرە هێرشانە، ئاماژەشی بەوەدا " نابێت ئەو جۆرە هێرشانە لە سەری ساڵی داهاتوودا ڕووبدەنەوە."

کۆپڵگە وتیشی گرنگە باس لە ڕاستیی ئەوە بکرێت چی ڕوویداوە و دووربکەوینەوە لە تۆمەتە بەتاڵەکان دژی گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو.

هەندێک لە سیاسییەکانی پارێزگاران و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوە داوە هەندێک لەو هێرشانە لەو ناوچانەی بەرلیندا ڕوویانداوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانییان تێدایە.

یاسادانەرێکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان کریستۆف دی ڤریس وتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دژی ئەفسەرانی پۆلیس و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەدا پێویستە " باس لە ڕۆڵی ئەو خەڵکانە بکرێت کە دیاردە چەشنن: لەوانەش ڕۆژئاوای ئاسیا و جۆری پێستی تۆختر."

لێدوانەکانی ڤریس تۆمەتی ڕەگەزپەرستی لێکەوتەوە، بەڵام دی ڤریس وتی ئاماژەی بە ڕێنماییەکانی ئەمدواییانەی پۆلیسی بەرلین داوە لەسەر چۆنێتی ناسینەوەی نەژادی گومانلێکراوەکان، وتیشی نابێت ئەمە سەرنجمان لابدات لەسەر " پێویستییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەتی کۆچ."

پۆلیسی بەرلین دەڵێت لە کۆی 103 گومانلێکراو کە ئازاد کراون 93 کەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون.

هێرشەکان گفتوگۆکانیان دووبارە زیندووکردەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لە ماوەی سەری ساڵدا. لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا حکومەتی ئەڵمانیا فرۆشتنی یارییە ئاگرینەکانی قەدەغە کرد، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر نەخۆشخانەکان و نەهێشتنی ئارەزووی خەڵکەکە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوە گەورەکاندا.

شارەزایان دەڵێن نەبوونی ئەو جۆرە قەدەغەکردنە ڕەنگە یارمەتیدەر بووبێت لە زیادبوونی توندوتیژییەکان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە، کەسێکیش لەم ساڵدا بە یارییە ئاگرینەکان گیانی لە دەستداوە.

بەرپرسی یەکێتی گڤێکشافت پولیتزهای لە بەرلین ستێفان وی پێشنیاری ئەوەی کرد ئێستا کاتی ئەوەیە بیر لە قەدەغەکردنی یارییە ئاگرینەکان بکرێتەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، وتی هێرشەکانی ناو بەرلین دەریخست کە دەتوانرێت یارییە ئاگرینەکان " وەکو چەکێک دژی خەڵک بەکاربهێندرێن."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG