Accessibility links

پۆلیسی بەرلین سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژەکان دەکات لە گردبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا


بەرپرسانی ناوخۆ و پۆلیسی ئەڵمانیا وتیان لەمیانەی گردبوونەوە جیاوازەکاندا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نزیکەی 100 پۆلیس برینداربوون و زیاتر لە 300 کەس دەستبەسەرکراون.

پۆلیسی بەرلین سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژەکانی کرد و وتی ئەو کارانە " جێی قبوڵکردن نین."

وەزارەتی ناوخۆی شاری بەرلین ڕایگەیاند لانی کەم 93 پۆلیس برینداربوون و 354 کەسیش دەستبەسەرکراون.

سەرۆکی پۆلیسی بەرلین باربارا سلۆڤیک وتی " کردەوە توندوتیژەکان لەمیانەی گردبوونەوەکاندا هەرگیز جێی قبوڵکردن نین." ئاماژەشی بەوەدا " ڕەوشەکە خراپ بووە بەڵام بەخێرایی کۆنتڕۆڵ کراوە."

بەرپرسی کاروباری ناوخۆی شاری بەرلین ئاندریاس گایزل سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژەکان و " توڕەبوونی کوێرانەی " کرد.

سەرۆکی شارەوانی بەرلین میخائیل مولەر جەختی لەوە کردەوە " توندوتیژیی و ڕق و کینە و نەزانیی شوێنیان نابێتەوە لە کۆمەڵگەکەماندا، نە لە یەکی ئایار و نە لە هیچ ڕۆژێکی تردا."

نزیکەی 30 هەزار کەس لە ڕۆژی کرێکاراندا لەمیانەی ڕێپێوانەکاندا لە پایتەختی ئەڵمانیا ناڕەزاییان دەربڕی، زۆرینەی خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە بوون.

سەرۆکی پۆلیسی بەرلین وتی " پێکدادانی توند ڕوویدا، هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان بوتڵ و بەردیان دەهاویشتە هێزەکانی ئاسایش و گڕییان بەردەدایە سەتڵی خۆڵەکان و هێماکانی سەر شەقامەکە."

بەپێی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان نزیکەی 12 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بریندارکراون. ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئاسایش نزیکەی 5600 ئەندامیان بە شەقامەکاندا بڵاوکردەوە، ئەوەش لە ترسی کەوتنەوەی ڕووداوی نەخوازراو لە یەکی ئایاردا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG