Accessibility links

نەهەنگێک بە پشتێنێکی گوماناوەی لە ئاوەکانی باکوری نەرویژ دەبینرێت


نەهەنگێکی سپی لە باکوری نەرویژ بینراوە کە پشتێنێکی دروستکراوی ڕووسیای لێبەسترابوو، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی کاربەدەستانی نەرویژ لەوەی لە شوێنێکی لەشکری ڕووسیاوە هاتبێت.

یۆگەر ڕی ویگ لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاوچیانی نەرویژ ئەمڕۆ دووشەممە گوتی لۆگۆی"Equipment St. Petersburg" ی ڕووسیایی لەسەر پشتێنەکە هەیە کە بۆ بەستی کامێرا لەسەری بەکاردەهێنرێت. گوتیشی ڕۆژی هەینی نەهەنگەکەیان بینیوە و ڕاوچیـیەک بە یارمەتی ئەو چووەتە ناو ئاوەکە و پشتێنەکەی لە نەهەنگەکە کردووەتەوە.

باسی لەوەش کرد لەشکری وڵاتەکەی زۆر گرنگیـیان بە مەسەلەکە داوە.

ڕۆژنامەی ئافتنبۆستنی نەرویژی نووسیویەتی پـێدەچێت لەشکری ڕووسیا ڕاهێنان بەم جۆرە ئاژەڵە دەریایـیانە بکات.

جێی ئاماژەیە یەکێتی سۆڤێتی جاران بەرنامەیەکی تەواوی هەبوو بۆ ڕاهێنانی دۆلفین بە مەبەستی لەشکری، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت کۆتایی بەو بەرنامەیە هات. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ساڵی 2016 کاری بۆ کڕینی 5 دۆلفین دەکرد کە ددانەکانیان باش بن، بەڵام ڕوونی نەکردەوە بە ئامانجی چی.

XS
SM
MD
LG