Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە لە هەرێمێکی ڕووسیا 3 کەس کوژراون و 16 کەسی دیکە بریندار بوون


دەزگاکانی هەواڵی ڕووسیا بڵاوییان کردەوە بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە لە هەرێمی بێلۆگۆرۆدی ڕووسیا کە دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا سێ سەرباز کوژراون و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.

دەزگاکان لە زاری خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتنی ناوچەکەوە بڵاوییان کردەوە تەقینەوەکە لە ناوەندێکی کلتوریدا ڕوویداوە، ناوەندەکە گۆڕدراوە بۆ کۆگایەکی هەڵگرتنی تەقەمەنی بۆ هێزەکانی ڕووسیا.

دەزگای هەواڵ ئینتەرفاکس ڕایگەیاند بەهۆی ڕووداوەکەوە هەشت سەربازی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ناوخۆی هەرێمەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی تەقینەوەی بێ مەبەستی نارنجۆکێکەوە کە بە دەست ئەفسەرێکەوە بووە، ئاگرێک کەوتۆتەوە. 16 سەرباز بە تاوانبارەکەشەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. سێ سەربازی دیکە گیانیان لە دەستداوە."

دەزگای هەواڵی تاس وتی بەرپرسانی ناوخۆ وتوویانە " مامەڵەکردنی بێباکانە " هۆکاری تەقینەوەی نارنجۆکەکە بووە.

هەرێمی بێلگۆرۆد لەسەر سنووری باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیایە، کە لەوێ شاری خارکیڤی ئۆکرانیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە بەردەوام لە ڕێی موشەکەکانی ڕووسیاوە بۆردومان دەکرێت.

لە مانگی 10 دا چەکدارێک تەقەی لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی هەرێمی بێلگۆرۆد کرد و 11 سەربازی کوشت.

کۆگاکانی هەڵگرتنی سوتەمەنی و تەقەمەنیش لە ڕابردوودا لەو هەرێمەدا تەقیونەتەوە، مۆسکۆ وتوویەتی هۆکاری تەقینەوەی ئەو شوێنانە بەهۆی هێرشی ئۆکرانیاوە بوون. کیێڤ تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوانەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام وەکو " کارمایەک " بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا ناویبردوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG