Accessibility links

بەلجیکا 6 منداڵ لە کەمپەکانی سوریا دەهێنێتەوە

وەزیری دارایی بەلجیکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی 6 منداڵ دەهێنێتەوە کە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریادان و باوانیان هاوڵاتینامەی بەلجیکایان هەبووە و پەیوەندیان بە داعشەوە کردبوو و کوژراون.

ئەلێکسەندەر دی کرو ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە ڕادیۆی VRT ی وڵاتەکەی گوت، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی حکومەت بڕیاردراوە ئەو منداڵانە بهێنرێنەوە کە چواریان تەمەنیان سەروو 10 ساڵەوەیە.

گوتیشی ئەم منداڵانە لە بەلجیکا لەدایکبوون و بە خواستی خۆیان بۆ ئەوێ نەچوون و ئێستا بە تەنیا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و هیچ کەسێکیان نیـیە.

ئەمە یەکەم جارە بەلجیکا بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات.

ساڵی 2017 حکومەتی بەلجیکا گوتی کارئاسانی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان خوار 10 ساڵەوەیە و بەڵگەیان هەبێت هاوڵاتینامەی بەلجیکایان هەیە.

بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2018 حکومەتی بەلجیکا تانەی لە بڕیاری دادگایەکی وڵاتەکەی گرت کە داوای لێدەکرد 6 منداڵی خوار تەمەن 6 ساڵ بگەڕێنێتەوە.

بەپـێی چەند سەرچاوەیەک هێشتا زیاتر لە 50 نەوجەوانی بەلجیکایی لە نێو کەمپەکانی هۆل و عەین عیسای ژێر دەسەڵاتی کوردی سوریادان.

بەلجیکا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە زۆرترین کەس لێوەی پەیوەندی بە گروپە توندڕەوەکانی سوریاوە کردبوو، لەوانە داعش.

This item is part of
XS
SM
MD
LG