Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت لە بەرامبەر بڕیارێکی دادگای باڵای بەلجیکا سەبارەت بە پەکەکە


وەزیری دەرەوەی تورکیا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بڕیارێکی دادگای باڵای بەلجیکا کە پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆرستی دانەنا.

مەولود چاوش‌‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئەم بڕیارەی دادگای باڵای بەلجیکا هیچ پەیوەندی بە یاساوە نیـیە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسیـیە.

دوێنێ سێشەممە دادگای باڵای بەلجیکا بڕیاری کۆتایی دا لە کەیسی 36 کەسی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە زیاتر لە 10 ساڵە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە بەپـێی یاسای نەهشتنی تێرۆری بەلجیکایی. 8 ی مانگی سێی 2019 دادگای پـیاداچوونەوەی بەلجیکا گوتی کەیسی ئەم کەسانە تەنیا پەیوەستە بە ناکۆکی ناوخۆی تورکیاوە، دادگای باڵاش دوێنی بڕیارەکەی دادگای پـیاداچوونەوەی پەسەندکرد.

وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لە بەرامبەر ناڕەزایی تورکیا ڕایگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی دادوەری بەلجیکا سەربەخۆیە و بڕیارەکانی پەیوەندی بە حکومەتەوە نیـیە، بۆیە ئەوان وەک حکومەت وابەستەن بە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ تورکیا و بەردەوامن لە پـێناسەکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆرستی.

XS
SM
MD
LG