Accessibility links

بە گومانی تێرۆرزم 4 کەس لە بەلجیکا و کەسێـک لە فەڕەنسا دەسـتگیردەکرێن


داواکاری گشتی فیدراڵی بەلجیکا دەڵێت 4 کەس دەسـتگیرکراون بە گومانی ئەوەی پەیوەندیـیان بە کۆمەڵێـکی ماتۆرسواری بەلجیکایی هەیە کە پشتیوانی لە بزوتنەوەیەکی جیهادی دەکەن.

ئێرک ڤان دەر سیپت گوتەبێژی داواکاری گشتی ئەمڕۆ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەو 4 کەسە هەردوو شەوی سێشەممە و چوارشەممە دەسـتگیرکراون پاش ئەوەی حەشارگەیەکی چەک لە برۆکسل دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکان بە فڕانس پـرێسی گوت هێزەکانی ئاسایشی لە میانەی پشـکنینەکانیان بۆ چەند ماڵێـک لە ناوچەی ئەندەرلیختی نزیک برۆکسل بە لایەنی کەم 2 کڵاشینکۆڤیان دۆزیوەتەوە و هاوکات هەواڵیش هەیە باس لەوە دەکەن بۆمبیش دۆزراونەتەوە.

گوتیشی گومانیان لێدەکرێت پەیوەندیـیەکی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵی ماتۆرسوارانی "کامیکازی ڕایدەرز" کە دەستیان لە تاوانی تێرۆرستیدا هەبووە، بە تایبەتی لەگەڵ 2 کەس کە لە کۆتایی ساڵی 2015 دەسـتگیرکران و بەهۆیانەوە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ هەڵوەشێندرانەوە پاش ئەوەی مەترسی هەبوو هێرشی تێرۆرستی ڕووبدات.

لە لایەکی دیکە لە ئۆپەراسیۆنێـکی دژە تێرۆری هاوبەشی فەڕەنسا و بەلجیکا پـیاوێکی تەمەن 42 ساڵ بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری لیلی باکوری فەڕەنسا دەستگیرکرا. دەڵێن گومانی لێدەکرێت خۆی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی ئامادەکردبێت.

سەرچاوەکە گوتی گومان هەیە ئەم پـیاوە پەیوەندی بە کۆمەڵی ماتۆرسوارە بەلجیکاییەکان هەبێت.

داواکاری گشتی بەلجیکا لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی کەیسی ئەم دەسـتگیرکراوانە هیچ پەیوەندی بە هێرشە تێرۆرستیـیەکانی دوو ساڵی ڕابردووی فەڕەنسا و بەلجیکاوە نیـیە کە بوونە هۆی گیان لەدەسـتدانی دەیان کەس.

XS
SM
MD
LG