Accessibility links

بێلاڕووس بەنیازە هێزی تایبەت ڕەوانەی سنووری باشووری وڵاتەکەی بکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

سوپای بێلاڕووس وتی وڵاتەکە هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان ڕەوانەی سێ ناوچەی نزیک لە ئۆکرانیا دەکات لە سنووری باشووری وڵاتەکە، هاوکات سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ باسی لە گرنگی ڕۆڵی موشەکە ڕووسییەکان کرد لە پتەوکردنی بەرگرییەکانی وڵاتەکەیدا.

لە مانگی سێدا بێلاڕووسی هاوپەیمانی نزیکی ڕووسیا وتی هێزە چەکدارەکانی بەشدارییان لە کارەکانی ڕووسیادا نەکردووە لە ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، بەڵام لە 24 ی مانگی دوودا لەڕێی بێلاڕووسەوە هەزاران سەربازی ڕووسیا هاتنە ناو ئۆکرانیاوە.

چەند مانگێکە بێلاڕووس نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەنزیک سنوورەکانیەوە، لە پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا کە سەرجەمییان ئەندامن لە هاوپەیمانێتییەکەدا. وەکو وەڵامێکیش، بێلاڕووس ژمارەی سەربازەکانی و مەشقەکانی لەسەر سنوورەکە زیاتر کردووە.

سەرکردەی گشتی سوپای بێلاڕووسی ڤیکتۆر گولیڤیچ وتی " ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە زیادکردنی هێزە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکانی کۆماری بێلاڕووس. لە شەش مانگی ڕابردوودا ژمارە و کواڵێتی هێزەکان دوو هێندە بووە."

وتیشی بێلاڕووس بەرگری ئاسمانی و تۆپهاوێژ و موشەک ڕەوانەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەکات بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی.

لوکاشینکۆ وتی ڕووسیا ڕازیبووە یارمەتی بێلاڕووس بدات لە دروستکردنی موشەکی هاوشێوەی ئیسکاندەر کە ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەکاریهێناوە، وتیشی دەیەوێت بێلاڕووس بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 و ئێس – 300 ی ڕووسی.

لوکاشینکۆ وتی " ئێمە واقعین، لەوە تێدەگەین کە ناتوانین شکست بە ناتۆ بهێنین. بەڵام دەتوانین زیان بگەیەنین، بەتایبەتی لەو ناوچانەوە کە هێرشمان دەکرێتەسەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG