Accessibility links

بەرپرسێکی بێلاڕووس: کەوتنەخوارەوەی موشەکە ئۆکرانییەکە لە ناو بێلاڕووس پێناچێت " بە ڕێکەوت " بووبێت


سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس دەڵێت پێناچێت ئەو موشەکە ئۆکرانییەی کە هاتە ناو ئاسمانی بێلاڕووسەوە و خرایە خوارەوە " بە ڕێکەوت " بووبێت.

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس ئەلیکساندەر ڤۆلفۆڤیچ بە ڕۆژنامەی سپۆتنیک بێلاڕووسی وت " کیێڤ بە پەرۆشەوەیە بۆ وروژاندنی ململانێیەک لە ناوچەکەدا ئیتر بە هەر شێوەیەک بێت. نموونەش بۆ ئەمە ڕووداوەکەی ئەمدواییانە بوو کە موشەکە ئێس – 300 ەکەی ئۆکرانیا تێکشکێندرا."

وتیشی " هۆکارێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کە بە ڕێکەوت موشەکەکە هاتۆتە ئاسمانمانەوە. بەوەی کە بینراوە وادیارە کە پلانێک هەبووە لێرەدا."

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس وتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە موشەکێکی ئێس – 300 ی ئۆکرانی زەوی بۆ ئاسمانییان لە نزیک گوندی هارباچا لە هەرێمی برێست خستۆتە خوارەوە، ئەو ناوچەیەش 15 کم لە سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیاوە دوورە.

ڕووداوەکە لە کاتێکدا بوو کە ڕووسیا دەیان موشەکی ئاڕاستەی شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا دەکرد، لە یەکێک لە گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ڕۆژی هەینی ئەرکانی گشتی ئۆکرانیا وتی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ڕووسیا 83 هێرشی موشەکی و 63 هێرشی ئاسمانی بە سیستمەکانی هەڵدانی موشەک ئەنجامداوە.

بەرپرسێکی سەربازی لە بێلاڕووس ڕووداوەکەی بە کەم زانی و وتی " بە داخەوە ئەم شتانە ڕوودەدەن."

وتیشی ڕووداوەکە هاوشێوەی ڕووداوەکەی مانگی یانزە بوو کاتێک موشەکێکی ئۆکرانی کە لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە هەڵدرا لە ناو پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کەوتە خوارەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش بێلاڕووس بانگی باڵیۆزی ئۆکرانیای کرد لە مینسک و بە فەڕمی ناڕەزایی دەربڕی دژی " ڕووداوە مەترسیدارەکە."

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات، وتیشی ئەوە کاری وروژێنەرانەی ڕووسیا بووە و مافی خۆیەتی ئاسمانی خۆی بپارێزێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG