Accessibility links

لە میانەی خۆپـیشاندانێکدا لە بەیرووت شەڕە تەقە ڕوودەدات و کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە


چەکدارێکی سەر بە گروپە شیعەکان تەقە دەکات، پـێنجشەممە 14 ی مانگی دەی 2021
چەکدارێکی سەر بە گروپە شیعەکان تەقە دەکات، پـێنجشەممە 14 ی مانگی دەی 2021

لە میانەی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزوتنەوەی ئەمەل لە دژی ئەو دادوەرەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی تەقینەوەکەی ساڵی ڕابرووی بەندەری بەیرووت دەکات، شەڕە تەقە ڕووی‌دا و بە لایەنی کەم 6 کەس کوژران و 30 کەسی دیکە برینداربوون.

مریەم حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ساحل لە ناوچەی باشوری بەیرووتی پایتەخت ئەمڕۆ پتێنجشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی وت " تەرمی کوژراومان بۆ هاتووە گولـلە بەسەریـیەوە نراوە و تەرمێکی تر گولـلە لە دڵی داوە، ژنێکی تەمەن 24 ساڵیش لە ناو ماڵەکەی کوژراوە."

ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆی بەردەم دادگای باڵای لوبنان لە بەیرووت، پاش ئەوە بوون کە دادگای پـیاداچوونەوەی سیڤیلی سکاڵای وەزیری پـێشووی دارایی عەلی حەسەن خەلیل و وەزیری پـێشووی کار غازی زعێتری ڕەتکردەوە کە داوایان کردبوو ئەو بڕیاری دەستگیرکردنەی بۆیان درابوو لەلایەن تارق بیتار دادوەری لێکۆڵینەوەی کەیسی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت هەڵبوەشێنێتەوە.

دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری دا سکاڵای ئەم دوو کاربەدەستەی پـێشوو ڕەتبکاتەوە بەو پـێیەی دادوەر تارق بیتار لە دادوەرانی دادگای پـیاداچوونەوە نیـیە.

پـێشتر دادوەر تارق بیتار داوای کردبوو ئەم دوو وەزیرەی پـێشوو کە سەر بە بزوتنەوەی ئەمەلن لە دادگا ئامادەبن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکە، بەڵام ئامادە نەبوون، بۆیە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوون.

لوبنانیـیەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی ڕووداوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG