Accessibility links

مەشقەکانی دەریای باڵتیک بۆ یەکەمین جار سەنگ دەخەنە سەر بەرپەرچدانەوەی هێرشی ڕووسیا


سەرکردەی هێزی دەریایی ئەڵمانیا ڕایگەیاند مەشقێکی گەورەی دەریایی لە دەریای باڵتیک بەڕێوەیە کە نزیکەی 30 کەشتی و زیاتر لە 3000 سەربازی ڕۆژئاوایی بەشداری تێدا دەکەن، ئەمەش لە مەشقێکدا کە بۆ یەکەمین جار سەنگ دەخاتە سەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشێکی ڕووسیا لە ناوچەکەدا.

مەشقەکە بڕیارە لە 9 ی مانگی نۆدا دەستپێبکات، سەربازانی سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە دەریای باڵتیک بەشداری دەکەن. هاوکات سوید کە بەمزووانە دەبێتە ئەندام لە ناتۆ و ئەو وڵاتانەی ناتۆ کە لە ناوچەی باڵتیکدا نین، وەکو ئەمەریکا و کەنەدا و هۆڵەندا و بەلجیکا و فەڕەنسا، شان بە شانی یەکتر مەشق دەکەن. مەشقەکان بریتی دەبن لە هێرشکردن لە دەریاوە بۆ سەر وشکانی.

سەرکردەی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئەدمیڕاڵ یان کریستیان کاک گوتی هێزی دەریایی ئەمەریکا کەشتی مێسا ڤێردی ڕەوانەی مەشقەکان دەکات، درێژی کەشتیەکە زیاتر لە 200 مەترە و بۆ گواستنەوە و گەیاندنی نزیکەی 800 سەربازیی مارێنز بۆ سەر وشکانی لە کاتی شەڕدا دروست کراوە.

پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای باڵتیک یەکێکی دیکە دەبێت لە ئامانجەکانی مەشقەکە کە لە دەرەوەی کەناراوەکانی لاتیڤیا و ئیستۆنیادا بەڕێوەدەچێت.

کاک ئاماژەی بەوەدا " فینلەندا و وڵاتانی باڵتیک نزیکەی لە سەدا 100 پشت بەو پێویستییانە دەبەستن کە لە ڕێی ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای باڵتیکەوە بەدەستییان دەگات."

وتیشی " ئایا دەبێت ڕێڕەوی سواڵکی گاپ بگیرێت.. ئەمە دەکرێت بە ئاسانی بکرێت چونکە تەنها دوو ڕێگا و یەک ڕێگەی شەمەندەفەر هەن، دواتر تەنها ڕێڕەوە ئاوییەکانمان دەبێت، لەوێوە دەبێت ڕێگای خۆمان بکەینەوە."

ڕێڕەوی وشکانی تەسکی سواڵکی گاپ کە 65 کیلۆمەترە، تەنها ڕێڕەوە کە وڵاتانی باڵتیک بە پۆڵەندا و ناوچەی سەرەکی ناتۆ لە ئەوروپا بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG