Accessibility links

مەسعود بارزانی چەند بەرپـرسێکی لایەنێکی سیاسی بە ڕووداوەکانی کەرکوک تۆمەتباردەکات


سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێـکی بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و جیهان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا چەند بەرپـرسێـکی لایەنێکی سیاسی تۆمەتباردەکات بەوەی هۆکاری ئەوەبوون هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی شاری کەرکوک بکەن.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە پەیامەکەی بڵاوکردەوە پاش ئەوەی هێزەکانی عێراق کە بەشێکی زۆریان حەشدی شەعبی بوون، توانیان زۆربەی ناوچە جێی ناکۆکی لەسەرەکان کونترۆڵبکەن، هەر خانەقین و جەلەولا هەتا ناوچەکانی موسڵ.

بارزانی دەڵێت " ئەوەی لە شاری كەركووك رووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان."

پاشان نووسیویەتی خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەنەوە لەوەی کاردەکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و ئارامی و ئاسایشی خەڵک.

جەختی لەوەش کرد داکۆکی لە پاراستنی یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیـیەکان دەکات. داواشی لە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بە شێوەیەکی بەرپـرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.

جێی ئاماژەیە لە پاش کشانەوەی هێزەکانی پـێشمەرگە لە کەرکوک و ناوچە جێی ناکۆکی لەسەرەکانی دیکە و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە، هەریەک لە بەرپـرسانی پارتی دیموکرات کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەوتوونەتە تۆمەتبارکردنی یەکتر و لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە ڕەخنەی توند لە یەکتر دەگرن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، چەندان جار دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیان لە ئاکامە خراپەکانی پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە ئاگادارکردەوە، بەڵام هەرێم سووربوو لەسەر ئەنجامدانی، ئەمەش ناڕەزایـیەکی توندی لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراق و وڵاتانی دراوسێ لێکەوتەوە و پـێکەوە کۆکبوون لەسەر سزادانی هەرێم لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی ناویەتی.

XS
SM
MD
LG