Accessibility links

سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پـێنجشەممە سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای حکومەتی ناوەندی کۆبووەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە بارەی سەردانەکەی لە تویتەرەکەی نووسیویەتی"ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ ڕێبەرانی عێراقی عادل عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح و محەمەد ئەلحەلبوسی کۆبوومەوە. دووپاتمکردەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەپـێی دەستور و بەردەوامبوونی هاوکاریـیە دوو قۆڵیـیەکەی نێوانمان."

بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی" لە پێشوازی كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان؛ پێویستی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ وحکومەتی ھەرێم بەپێی دەستوور و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خەڵك."

ئۆفیسی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق ئەویش ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت سەرۆک وەزیر پـیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد بە بۆنەی گرتنەدەستی پـۆستی سەرۆکی هەرێم.

پاشان عادل عەبدولمەهدی جەختی کردووەتە سەر یەکگرتوویی عێراق و گرنگی هاوکاریکردن و ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقیـیەکان بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها جەختی کردووەتە سەر چارەسەرکردنی هەموو مەسەلەکان بەپـێی دەستور و لە ڕێگەی پـێکهێنانی کۆمیتەی هاوبەش.

ئۆفیسی عەبدولمەهدی دەشڵێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای خۆیەوە گوتویەتی" بە دڵنیایـیەوە بەغدا یەکەم وێستگەی سەردان دەبێت چونکە پایتەختی فیدراڵیمانە، وە ئێمە و هەموو ڕێبەرانی هەرێمەکە و گەلی کورد بەغدا بە قوڵایی ستراتیژی خۆمانی دەبینین، وە خواستی جدیمان هەیە بۆ چارەسەرکردن و زاڵبوون بەسەر هەموو ناکۆکیـیەکان و مەسەلە هەڵپەسێردراوەکان."

ئۆفیسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەویش لە بارەی کۆبوونەوەی محەمەد حەلبوسی و نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاندنێکی بە هەرسێ زمانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی لەسەر فەیسبوکی حەلبوسی بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش دەقە کوردیـیەکەی:

" محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنجشەممە، پێشوازی كرد لە بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری.

لە دیدارەكەدا بەرێزیان گفتوگۆی سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەكانی سەر هەرێم كرد ئەوەی پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتەوە هەیە و وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2019 دا هاتووە و گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە گیانی برایانە و هاوبەشی نیشتمانی.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ بەرێز بارزانی تاوتوێی یاسای نەوت و غاز و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاسای دادگای فیدڕاڵی كرد.

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پلانێكی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی خستەڕوو دوای لێكۆڵینەوە لە كێشەكان بە وردی و شەفافی و دارشتنی میكانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەركردنیان، هیوای خیشی نیشاندا بۆ بەدیهێنانی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ناوەند لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ئامادەیی هەرێمیشی نیشاندا بۆ پێشوازیكردن لە لیژنەیەكی پەرلەمان بۆ بەئاگابوون لە میكانیزمی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی كە لەژێر سەرپەرشتی كۆمپانیا جیهانیەكاندایە."

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:41 0:00

XS
SM
MD
LG