Accessibility links

بەرهەم ساڵح دەبێتە ئەندامێکی باڵای ناوەندێکی زانکۆی ھارڤارد


ناوەندی زانست و کاروباری نێودەوڵەتی بێڵفێر لە سکۆڵی هارڤارد کێنێدی لە زانکۆی هارڤارد ڕایگەیاند ناوەندەکە بە شانازییەوە دەستنیشانکردنی بەرهەم ساڵح، سەرکردەی دیاری کورد و سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراقی وەکو ئەندامێکی باڵا لەو ناوەندەدا ڕادەگەیەنێت.

ناوەندی بێڵفێر لە ماڵپەرەکەی خۆی ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە و سەبارەت بە بەرهەم ساڵح نووسیوێتی "ساڵح بە پێشینەی بەرفراوانی خۆی لە بواری ئەکادیمیا و خزمەتگوزاری گشتیدا، سەرمایەیەک لە ئەزموون و تێڕوانین لە پێشخستنی زانیاریی پەیوەندیدار بە سیاسەتەوە سەبارەت بە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ناوەندەکە زیاد دەکات."

دەشڵێت "تێڕوانین و شارەزاییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەرە بۆ کۆمەڵگەی زانایان و ڕابەرە بە ئەزموونەکان کە لەلایەن ناوەندەکە و دەستپێشخەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کۆکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و وانەوتنەوە لەسەر ناوچەکە."

ناوەندەکە ئاماژەشی بەوەداوە "بەرهەم ساڵح ماوەی دوو دەیەیە وەکو یەکێک لە کەسایەتییە دیارە سیاسییەکان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خزمەتی کردووە. لە ساڵی 2018 ەوە بۆ ساڵی 2022 هەشتەیەمین سەرۆکی کۆماری عێراق بووە، پێشتریش لە ساڵی 2009 ەوە بۆ ساڵی 2012 سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان بووە، لە ساڵی 2004 و 2005 ەوە تاوەکو 2009 جێگری سەرۆک وەزیری عێراق بووە."

مێگان ئێڵ ئۆسلیڤان، بەڕێوەبەری سەنتەری بێلفێرگوتی "بەرهەم ساڵح سەرکردەیەکی بوێر و خاوەن بەهرە و دیدگای خۆیەتی کە لە ڕۆڵی جۆراوجۆردا، دۆخی سەخت و مەترسیداری تێپەڕاندووە و ئەو ئەزموونانە و ئەو وانانەی فێریان بووە لە سەنتەری بێلفێر دەگەیەنێتە ئێمە. ئەم جۆرە تێڕوانینانە یارمەتیدەرمان دەبن لە هەوڵەکانماندا بۆ باشتر تێگەیشتنمان لە سروشتی سەرکردایەتی، ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکەی و لە دەوری پەرەسەندنی ڕۆڵی 'هێزە ناوەندەکان' لە دیمەنی جیهانی ئەمڕۆدا."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری بێلفێردا هاتووە "ساڵح هەروەها لە خوێندنی باڵاشدا بە هەمان شێوە جێپەنجەی دیارە و لە ساڵی 2007 زانکۆی ئەمەریکایی لە عێراق، سلێمانی (AUIS) دامەزراندووە و تا ئێستاش وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری ئەو زانکۆیەیە. هەروەها لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا زانکۆی ئەمەریکایی وەک یەکێک لە دەگمەنترین دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتووە کە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوەی کراوە لە ژینگەیەکی هەمەچەشندا."

سەرچاوە/ماڵپەڕی سەنتەری بێلفێر

XS
SM
MD
LG