Accessibility links

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە کارگەیەکی بەنگلادیش 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکە برینداربوون


پۆلیسی بەنگلادیش وتی ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی بەنگلادیش بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی لانی کەم 30 کەسی دیکە، هەندێکیشیان لە نهۆمەکانی سەرەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.

ڕوون نیە چەند کەس لە ناو کارگەکەدا گیرییان خواردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خزمان و کارمەندەکانی دیکەی کارگەکە لە دەرەوەی کارگەکە وتیان دەترسن لەوەی ئەوانی دیکە نەیانتوانی بێت بێنە دەرەوە.

ئاگرکەوتنەوە لە بەنگلادیش ڕووداوێکی باوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی یاساکانی پارێزراوییەوە. لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە کۆمەڵێک شوقە لە داکا 70 کەس گیانیان لەدەستدا.

پۆلیس وتی ئاگرکەوتنەوەکە لە کارگەی خۆراک و خواردنەوەی هاشم لە ڕوپگانج ڕوویداوە، ناوچەیەکی پیشەسازییە و دەکەوێتە دەرەوە داکاوە، هەروەها وتیشی ئاگرەکە کاتژمێر 5 ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە کەوتۆتەوە و تاوەکو بەیانی ڕۆژی هەینی بەردەوام بووە.

سەرۆکی پۆلیسی هەرێمەکە جەیدول ئالام وتی " سێ کەس بەهۆی سوتاوییەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە."

پشکنەری پۆلیس شێخ کەبیرول ئیسلام وتی لانی کەم 30 کەس برینداربوون، بە هەندێک لەوانەشەوە کە لە نهۆمە بەرزەکانەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.

پۆلیس سەرەتا وتی زۆرێک لە کارمەندەکان هێشتا لە کارگەکەدا ماون، بەڵام دواتر وتی دڵنیا نین چەند کەس بێسەروشوێنن.

تیمەکانی ئاگرکوژێنە 25 کەسیان لە سەربانی کارگەکەوە ڕزگارکردووە.

وتەبێژی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " هەر کە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، ئەرکێکی گەڕان لە ناو کارگەکەدا ئەنجام دەدەین. دواتر دەتوانین حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان ئەگەر هەبێت پشتڕاست بکەینەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG