بەلجیکا دەڵێت تاوانباری سەرەکی بە ئەنجامدانی هێرشە تێرۆرستـیەکانی شەوی 13 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووی پاریسی ڕادەسـتی دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا کردووە.
داواکاری گشـتی بەلجیکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند بەپـێی بڕیارێـکی دەسـتگیرکردنی ئەوروپا کە لە 19 ی مانگی سێی 2016 دەرچووە، سەڵاح عەبدولسەلام ڕادەسـتی فەڕەنسا کراوە. بەیانـنامەکە هیچی لە بارەی چۆنیەتی و کاتی ڕادەسـتکردنەکە ئاشکرا نەکرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە سەڵاح عەبدولسلامی تەمەن 26 سـاڵ لە 18 ی مانگی سێ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەسـتگیرکرا، واتە چوار ڕۆژ بەر لە هێرشە تێرۆرستیـیەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی برۆکسل و وێزگەیەکی میترۆی شارەکە کە تیایاندا 32 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکە برینداربوون.
بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو کە فەڕەنسیـیەکی بە ڕەچەڵەک مەغربیـیە و لە بەلجیکا گەورەبووە، پـێدەچێت تاکە کەس بێت ڕزگاری بووبێت لە نێو ئەنجامدەرانی هێرشەکانی 13 ی مانگی یازدەی پاریس، کە لەوێش 130 کەس بوونە قوربانی.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت لێکۆڵەرەوان گوتویانە ناوبراو دانیناوە بەوەی خۆی بەرپـرسیاربووە لە دابینکردنی پـێداویستیـیەکانی هێرشەکانی پاریس و بڕیار بووە لە نێو ستادیۆمی تۆپی پـێی پاریس خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام لە دوا سـاتدا پاشگەزبووەتەوە.