Accessibility links

بەحرەین پـێدانی ڤیزە بە قەتەریـیەکان ڕادەگرێت


لە نێوەندی تێکچوونی پەیوەندیـیەکانی نێوان وڵاتە عەرەبیـیەکانی کەنداو و قەتەر کە زیاتر لە ساڵێکە درێژەی کێشاوە، بەحرەین بڕیاری دا پـێدانی ڤیزە بە قەتەریـیەکان ڕابگرێت.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی" بەپـێی ڕاگەیاندنی بڕینی پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکان لەگەڵ قەتەر کە لە 5 ی مانگی شەشی ساڵی 2017 دەرچووە و هەروەها لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار درا پـێدانی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی قەتەر ڕابگیرێت."

وەزارەتەکە دەڵێت ئەم بڕیارە لە ئەنجامی ڕەفتارە نابەرپـرس و دوژمنکارانەکانی قەتەر لە دژی بەحرەین بووە. بەڵام دەشڵێت بڕیارەکە خوێندکارانی قەتەری لە بەحرەین ناگرێتەوە و هەروەها ئەوانەشی پـێشتر ڤیزەیان وەرگرتووە و کاتیان بەسەر نەچووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش کردووە بڕیارەکە لە دژی خەڵکی قەتەر نیـیە، بەڵکو کاردانەوەیە لە بەرامبەر ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی قەتەر کە "مافی دراوسێ و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لەبەرچاو ناگرن."

جێی ئاماژەیە لەوەتای مانگی شەشی ساڵی 2017 وە هەریەک لە بەحرەین و عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و میسر پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕی لەسەر ئەوەی وەک دەڵێن پشتیوانی لە تێرۆرزم دەکات. قەتەریش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG