Accessibility links

بەحرەین دەڵێت شانەیەکی تێرۆستی سەر بە ئێران و حزبوڵڵای ئاشکراکردووە


وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین دەڵێت هێزەکانی ئاسایش شانەیەکی تێرۆرستیـیان ئاشکراکردووە کە پەیوەندیـیان بە پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە و 2 تاوانباریان دەسـتگیرکردووە کە نەخشەیان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە نێو وڵاتەکەدا دانابوو.

وەزارەتەکە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی شانەکە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ گروپی سەرایا ئەلئەشتری سەر بە ئێران هەبووە لەگەڵ ژمارەیەک لەوانەی دەسـتیان لە تەقینەوەکەی 28 ی مانگی حەوتی سـاڵی 2015 ی ناوچەی سترە.

بەپـێی بەیانـنامەکە دوو دەسـتگیرکراوەکە کە دوو برای دووانەن، یەکێـکیان لە سـاڵی 2011 سەردانی ئێرانی کردووە بە مەبەسـتی بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی و کۆمەکی دارایی و لە سـاڵی 2012 سەردانی لوبنانی بۆ هەمان مەبەست کردووە و لەوێ لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵای ڕێبەری حزبوڵڵا کۆبووەتەوە و 20 هەزار دۆلاری لێوەرگرتووە تاوەکو درێژە بە چالاکیـیەکانیان لە بەحرەین بدەن.

براکەی دیکەیان سـاڵی 2015 سەردانی ئێران و لوبنانی کردووە و بە هەمان شێوە لەگەڵ کاربەدەسـتانی پاسداران و سەرکردەکانی حزبوڵڵا کۆبووەتەوە.

هەروەها بەیانـنامەکە ناوی ئەندامانی شانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پـێویست لە بەرامبەریاندا دەگرنەبەر.

ئەم بەیانـنامەیە پاش دوو ڕۆژ دێت لەوەی بەحرەین پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا بڕی، بەهۆی ئەو هێرشانەی لە ئێران کرانە سەر شوێنە دیپلۆماسـیەکانی عەرەبسـتانی سعودیـیە لە تۆڵەی ئیعدامکردنی نمر ئەلنمر کەسایەتی شیعەی سعودی.

XS
SM
MD
LG