Accessibility links

سەرچاوەکان: لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە شاری سەدری بەغداد لانی کەم 35 کەس گیانیان لەدەستدا


سەرچاوەکانی تەندروستی و ئاسایش وتیان لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە بازاڕێکی قەرەباڵغ لە شاری سەدری ڕۆژهەڵاتی بەغداد لانی کەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی پۆلیس وتی نزیکەی 60 کەس برینداربوون.

ڕێکخراوی داعش لەڕێی کەناڵێکیەوە لە تێلیگرام بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، وتیشی یەکێک لە چەکدارەکانی لەناوەڕاستی قەرەباڵغیەکەدا خۆی تەقاندۆتەوە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق وتی سەرۆک وەزیر مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشدا ئەنجامداوە، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی هێرشەکە.

هاوکات سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە تویتەر نوسیویەتی " بەر لە جەژن لە هێرشێکی خراپ و تونددا کە هاوشێوەی کەمە، هاوڵاتیە مەدەنییەکانمان لە شاری سەدر دەکەنە ئامانج. پێیان خۆش نیە گەلەکە بۆ ساتێک لە خۆشی و پارێزراویدا بژی، ئێمەش تاوەکو تیرۆری توندڕەی ترسنۆک بنبڕ نەکەین ناوەستین."

لە مانگی چواردا ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەی ئوتومبێلەکەی بازاڕێکی شاری سەدری ڕاگەیاند، لە هێرشێکدا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی 20 کەسی دیکە.

بە هەمان شێوە لە مانگی یەکیشدا داعش بەرپرسیارێتی هێرشێکی دیکەی ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس لە بازاڕێکی قەرەباڵغدا لە ناوەڕاسی بەغداد گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دوای سێ ساڵ یەکەمین هێرشی خۆکوژی بوو لە عێراقدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG