Accessibility links

مەترسی لە سیدارەدانی حەیدەر قوربانی


حەیدەر قوربانی

دادگای باڵای ئێران داواکارییەکەی حەیدەر قوربانی، بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە و پێداچوونەوەی ڕەت کردەوە. حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسییە و سزای لەسێدارە دانی بەسەردا سەپێندراوە.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری ئەو زیندانیە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە 14 ی ئەم مانگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سزاکە نایاساییە و ناڕەزایی خۆیشی لە دژی پرۆسەی دادگاییەکە دەربڕی و دەشڵێت " ئەگەر ئەو یاسایانەی کە ئێمە خۆمان دەرمانکردووە ، جێبەجێ نەکرێن ، ئەی دەبێت پەنا بۆ کێ ببەین؟ ". ناوبراو گوتیشی " ئەم بڕیارە بە پێی یاسا و ڕێسا ئایینییەکان دروست نییە و سزای لە سێدارەدانیش بۆ حەیدەر قوربانی دروست نییە."

پارێزەر نیکبەخت ڕایشیگەیاند حەیدەر قوربانی لە میانەی هەموو دانیشتن و دادگاییکردنەکەیدا لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوە و هەروەها لە ئێدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستاندا، هەموو جۆرێک هاوکاری حیزبی لەگەڵ هەموو لایەنێکی کوردیدا ڕەتکردۆتەوە. ئەو دەشڵێت "بە پێی بڕیاری لقی یەکی دادگای تاوانی شاری سنە دەری کردووە، ئەم زیندانییە سیاسییە نە چەکدار بووە و نە دەستی بۆ چەک بردووە، بۆیە بەم پێیە ناتوانین بڵێن ئەو کەسێکی یاخی و سەرکەشە وسزای لە سیدارەدانی بۆ دەرچێت."

قوربانی لە مانگی 10 ی ساڵی 2016 لە کامیارانی کوردستانی ئێران دەستگیر کرا و تاوانبارکرا بە ڕووداوێکی توندوتیژ لە کە مانگێک پێش ئەوە لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا 3 ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون.

لە ساڵەکانی دووایدا چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند دەسەڵاتداران سزای مەرگیان بەسەر قوربانیدا داوە بە تاوانەکانی هاوکاری کردنی هێرشێکی چەکداری کە ئەندامەکانی سوپای پاسدارانی تێدا کوژرابوون و هەروەها بە تاوانی ئەندامێتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. لەو ماوەیەدا تۆڕی میدیایی دەوڵەتی ئێران بەرنامەیەکی ساڵی 2017 ی پەخش کرد بە ناونیشانی شوفێری مەرگ کە تیایدا قوربانی وادیارە دان بەوەدا دەنێت کە ڕێنیشاندەری ئەو ئەندامانەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنەکە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی گوتویەتی قوربانی یەکێکە لە چەندین کورد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەهۆی ئەندامێتی یاخود گومانی پەیوەندی بە پارتە ئۆپزسیۆنە کوردەکانەوە سزادراوە. گروپەکە دەشڵێت ئەو کوردانەی کە سزای مەرگ دراون پاش " دادگاییکردنێکی ناڕەوا بووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی یان بە گشتی پشت بەو دانپیانانانە بەستراوە کە لە ژێر ئەشکەنجەو بەبێ هەبوونی پارێزەر وەرگیراون."

سزاکە لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا بە فەرمی لە زیندانی ناوەندی شاری سنەوە بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرا. سزاکەش ڕۆژی پێنج شەمە واتە7 مانگی8 لە لایەن لقی 27 ی دادگای باڵاوە پشتڕاستکرایەوەو ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کرا.

یەکێک لە براکانی قوربانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نیگەرانی خۆی لەمەڕ ڕەوشی حەیدەر قوربانی دەردەبڕێت و دەڵێت هەموو ئەندامانی خێزانەکەی بە بیستنی هەواڵی ڕەتکردنەوەی دادگای باڵا بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەکەی شۆک بوون و ناتوانن هیچ بکەن . ئەو دەشڵێت " مافی براکەم لەسێدارەدان نییە و لە ئیستاشدا کەس نییە وەڵاممان بداتەوە و نازانین سکاڵا لە کوێ بکەین".

براکەی دەشڵیت حەیدەر پێش دەستگیرکردنی چالاکی سیاسی نەبوەو ڕۆژێکیش نەخراوەتە زیندانەوە. هەروەها گوتیشی کە "براکەم دانی بەکوشتن و هیچ تۆمەتێکی دیکەدا دانەناوە، تەنانەت لە دانپێدانانە زۆرەملێکانی پەخشی تەلەفزیۆنی ئێرانیشدا ئەو تەنها دانی بەوەدا ناوە کە چەند کەسی بە ئۆتۆمبێل گواستوەتەوە".

XS
SM
MD
LG