فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک دەڵێت هێشتا وێستگەی کیمیایی ئازۆت لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانییەکاندایە کە بووەتە پەناگەی سەدان هاوڵاتی مەدەنی، ئەمەش دوای ئەوەی جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیا بانگەشەی ئەوەیان کرد 300 بۆ 400 سەربازی ئۆکرانیاش لە وێستگەکەدا گیرییانخواردووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی " زانیارییەکان سەبارەت بەوەی وێستگەی ئازۆت گەمارۆدرابێت درۆن." جێی ئاماژەشە بەشێکی هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
وتی " هێزەکانمان کۆنتڕۆڵی ناوچە پیشەسازییەکەی سیێڤیێرۆدۆنێتسکیان کردووە و سوپای ڕووسیا لە شارەکەدا لەناودەبەن."
سیێڤیێرۆدۆنێتسک کە شارێکی بچووکی هەرێمی لوهانسکە، بووەتە یەکێک لە خوێناویترین گۆڕەپانەکانی جەنگەکەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.
ئۆکرانیا دەڵێت نزیکەی 800 کەس لە ژێرزەمینەکانی وێستگەی ئازۆتدا خۆیان حەشارداوە، نزیکەی 200 کارمەند و 600 دانیشتووی سیێڤیێرۆدۆنێتسکیان تێدایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆکرانیا: وێستگەی کیمیایی سیێڤیێرۆدۆنێتسک کە بووەتە پەناگەی سەدان کەس، لەژێر دەستی ئۆکرانیادایە
