دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی بڵاویکردەوە ئازەربایجان ئەرمینیای بە تۆمەتی بۆردومانکردنی پێگەکانی لە نزیک هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخی جێناکۆکی لەسەر تۆمەتبار کردووە، کە ماوەی 30 ساڵە دوو وڵاتەکە شەڕی لەسەر دەکەن.
وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان وتی دوای ئەوەی ئەرمینیا تۆپهاوێژی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئازەربایجان لە هەرێمەکانی لاچین و کالباجاری ڕۆژئاوای ناگۆرنۆ کاراباخ، هێزەکانی ئازەربایجان بە تەقە وەڵامییان داونەتەوە.
دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.
لە ساڵی 2020 دا ناکۆکییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمە شاخاوییەکەی ناو خاکی ئازەربایجان کە لە ساڵی 1990 ەوە ئەرمینییەکان کۆنتڕۆڵییان کردووە گەیشتنە لوتکە، بۆ ماوەی شەش هەفتە دوو وڵاتەکە کەوتنە شەڕەوە و هێزەکانی ئازەربایجان خاکێکی بەرفراوانییان کۆنتڕۆڵ کردەوە.
دوای ئەوەی ڕووسیا نێوەندگری کرد لە ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا، دوو وڵاتەکە ڕێکەوتن کار لەسەر ئاشتی بکەن. بەڵام ماوە بە ماوە لە سنووری نێوانیاندا شەڕ دروست دەبێت و یەکتری تۆمەتبار دەکەن.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە جیا لەگەڵ ڕابەرانی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا قسەی کرد، ئامانج لە گفتوگۆکانیش ئەوە بوو دوو وڵاتەکە ڕازی بکات بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز