دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری سەرۆکی ئازەربایجانەوە بڵاویکردەوە ئازەربایجان پلانی هەیە هەناردەکردنی گازە سروشتییەکەی لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئەوروپا کەمێک زیاتر بکات، لە کاتێکدا کە ئەوروپا هەوڵ دەدات شوێنێکی دیکە بدۆزێتەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی وزە لەلایەن ڕووسیاوە.
دەزگاکە لە زاری سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤەوە بڵاویکردەوە لە ساڵی داهاتوودا هەناردەکردنی گازی سروشتی وڵاتەکە بۆ ئەوروپا پێشبینی دەکرێت بۆ لانیکەم " 11.6 ملیار مەتر سێجا زیاد ببێت، لەم ساڵدا 11.3 ملیار مەتر سێجا بووە."
وتیشی ساڵی ڕابردوو ئازەربایجان 8.2 ملیار مەتر سێجا سووتەمەنی هەناردەی ئەوروپا کردووە.
ئالیێڤ وتی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا بە تورکیاشەوە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا زیاد ببێت بۆ 24 ملیار مەتر سێجا، لە ساڵی 2021 دا 19 ملیار مەتر سێجا بووە.
جێی ئاماژەیە ئەوروپا لە ساڵی 2021 دا 412 ملیار مەتر سێجا گازی بەکارهێناوە.
ڕابەرانی ئازەربایجان و جۆرجیا و ڕۆمانیا و هەنگاریا ڕۆژی شەممە ڕێککەوتن لەسەر کێبڵێکی کارەبا کە بە ژێر دەریای ڕەشدا دەڕوات و وزەی سەوزی ئازەربایجان دەگوازێتەوە بۆ ئەوروپا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئینتەرفاکس: ئازەربایجان پێی وایە هەناردەکردنی گازەکەی بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2023 دا زیاتر دەبێت