Accessibility links

ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی هەرێمێکی دیکەی نزیک ناگۆرنۆ کاراباخ دەکاتەوە


هێزەکانی ئازەربایجان وتی چوونەتە ناو هەرێمی لاچینەوە و دوایین هەرێمە لە نزیک ناگۆرنۆ کاراباخ کە ئەرمینیا ڕادەستی ئازەربایجانی کردەوە، ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە لە 9 ی مانگی یانزەدا بە سەرپەرشتی ڕوسیا واژۆ کرا.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزەکانی سوپای ئازەربایجان لە 1 ی مانگی دوانزەدا چوونە ناو هەرێمی لاچینەوە."

هەرێمی لاچین دوایین هەرێم بوو لەنێو ئەو سێ هەرێمەدا کە ئەرمینیا بەڵێنیدا ڕادەستی ئازەربایجانیان بکاتەوە، ئەوەش وەکو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوانیان.

هەرێمی لاچین وەکو هەرێمی ئەغدام کە لە 20 ی مانگی یانزە و هەرێمی کالباجار کە لە 25 ی هەمان مانگدا ڕادەستکرانەوە، دەکەوێتە دەوروبەری ناگۆرنۆ کاراباخەوە.

لە ماوەی شەش هەفتەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا، ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی چوار هەرێمی دیکەی هاوشێوەی کردەوە و بەهۆی شەڕی نێوانیانەوە هەزاران کەس کوژران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG