ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت بڕیاری نەمسا بۆ دەرکردنی وتاربێژە تورکەکان پـێچەوانەی یاسا جیهانیـیەکانە و بە ئامانجی دەسـتکەوتی سیاسی ئەو بڕیارە دراوە.
پـێشتر ئەمڕۆ هەینی حکومەتی نەمسا ڕایگەیاند چیتر لە وڵاتەکەی ڕێگە بە پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی نادات و ئیدی لە نەمسا شوێنی ئەو گروپ و کۆمەڵانە نابێتەوە کە نوێنەرایەتی ئیسلامی سیاسی و بیروباوەڕی توندڕەوی دەکەن.
بەپـێی حکومەتی نەمسا نزیکەی 60 وتاربێژی مزگەوتی سەر بە کۆمەڵەی "یەکێتی تورکی ئیسلامی بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە نەمسا ATIB" بە خۆیان و خێزانەکانیان لە نەمسا دەردەکرێن. دەسەڵاتداران دەڵێن ئەم کۆمەڵەیە سەر بە حکومەتی تورکیایە و لەلایەن ئەنکەرەوە پارە و پولی بۆ دابیندەکرێت.
هربرت کیکل وەزیری ناوخۆی نەمسا دەڵێت ئەوانەی دەرکردنەکە دەیانگرێتەوە نزیکەی 150 کەسن.
لەگەڵ دەرکردنی ئەو وتاربێژانە، حەوت مزگەوتیش دادەخرێن. یەک لە مزگەوتەکان کە لە ڤیەننای پایتەختە. حکومەتی نەمسا دەڵێت ئەم مزگەوتە بە شێویەکی نایاسایی لە لایەن کۆمەڵێک گەنجی توندڕەوی نەتەوەپەرستی تورک کراوەتەوە کە بە "گۆرگە بۆرەکان" ناودێردەکرێن. شەش مزگەوتەکەی دیکە سەر بە کۆمەڵەیەکی توندڕەوی عەرەبیـیە.
کاربەدەستانی نەمسا دەڵێن ئەمە سەرەتایە و لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بەم ئاڕاستەیەدا دەنێن.
جێی ئاماژەیە نیگەرانی کاربەدەستانی نەمسا لە بەرامبەر پـیاوانی ئاینی سەر بە حکومەتی تورکیا پەرەی سەند، پاش ئەوەی لە یەکێک لە مزگەوتە تورکەکان کارێکی شانۆگەری بە منداڵان کرابوو و تیایدا شانازی بە شەڕی گالیپۆلی کرابوو، ئەوەی لە میانەی شەڕی یەکەمی جیهانی ڕوویدا لە نێوان ئەوروپایـیەکان و تورکەکان و بە سەرکەوتنی تورکەکان کۆتایی هات لە پاش کوژران و برینداربوونی بە دەیان هەزار سەربازی هەردووڵا.
لە شانۆگەریـیەکە کە شانازی کرابوو بەوەی چۆن تورکەکان بەسەر ئەوروپایـیەکاندا سەرکەوتوون، منداڵەکان بە جلوبەرگی سەربازیەوە نمایشەکەیان کردبوو، ژمارەیەکیان لەسەر زەوی خۆیان خستبوو و ئاڵای تورکیایان بەسەردا درابوو و ژمارەیەکیان بە پـێوە ئاڵای تورکیایان دەشکاندەوە.
زباستیان کورتس ڕاوێژکاری نەمسا لە بارەی ئەم شانۆگەریـیە گوتی " ئەوەی لەو شوێنە کرا لە نەمسا جێگای نابێتەوە. حکومەت هەرگیز ڕێگە بەوە نادات."