Accessibility links

نەمسا دەڵێت پێداچوونەوە دەکات بە ڕەوشی پەنابەرانی سوریاییدا

ڕاوێژکاری ئوستریا کارڵ نیهامەر
ڕاوێژکاری ئوستریا کارڵ نیهامەر

ڕاوێژکاری نەمسا کارڵ نیهامەر وتی ئوستریا پێداچوونەوە بە ڕەوشی پەنابەرانی سوریاییدا دەکاتەوە کە کەمتر لە پێنج ساڵ لەمەوبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە، ئەوەش دوای ئەوەی لە میدیاکاندا باس لەوە کرا هەندێک لە پەنابەرانی سوریایی بە نامەیەک ئاگادار کراونەتەوە کە " چیتر پێویست ناکات لە لێپێچینەوەی سیاسیی " بترسن.

نیهامەر کە پارێزگارە و هەوڵ دەدات حکومەتێکی نوێی هاوپەیمانی دروست بکات و لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت لەلایەن ڕاستڕەوە توندەکانەوە، لە هەمان ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا لە 8 ی مانگی دوانزەدا وتی دۆخی ئاسایشی سوریا دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت تاوەکو پەنابەران ڕەوانە بکرێنەوە بۆ ئەوێ.

لەو کاتەوە نیهامەر و حکومەتە کاربەڕێکەری ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە سەنگی سەرەتاییان لەسەر ڕەوانەکردنەوەی خۆبەخشانە دەبێت، ئەوانەی کە پێشنیار دەکەن خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ سوریا 1000 یۆرۆیان پێدەدرێت. نەمسا لە نێو ئەو چەند وڵاتە ئەوروپاییەدایە کە داواکانی پەنابەرانی سوریاییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی ڕاگرتووە.

نیهامەر وتی " ئێستا نەمسا پێداچوونەوە بە شیاوێتی پاراستنی ئەو سوریاییانە دەکات کە کەمتر لە 5 ساڵە لەو وڵاتەدا ماونەتەوە."

یاسای نەمسا ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات لە هەندێک حاڵەتدا لە ماوەی پێنج ساڵ دوای پێدانی مافی پەنابەرێتی ئەو مافە هەڵبوەشێننەوە. سورییەکان گەورەترین گروپی پەنابەرانن لە ئوستریادا.

پارتەکەی نیهامەر، پارتی گەلان، بە هەڵوێستە توندەکانی لەسەر کۆچ ناسراوە، تا ئەو ڕادەیەی پارتی ئازادی ڕاستڕەو تۆمەتباری دەکات بە تۆمەتی دزینی بیروڕاکانی.

دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئاشکرایە کە زۆر زووە " بۆ دەستپێشخەریکردن بۆ ئەو پڕۆسەیە.

سەرۆکی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەمسا کریستۆف پینتەر وتی " تەنها لە کاتێکدا ئەوە دەبێت بکرێت کە دۆخەکە لە وڵاتە ڕاستەقینەکەی پەنابەراندا بە تەواوەتی گۆڕابێت و پارێزراو بێت." وتیشی " بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەو کاتە نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG