Accessibility links

کۆچبەرێـکی سوری لە نەمسا سزای زیندانی هەتاهەتایە دەدرێت بە تۆمەتی کوشتنی 20 سەربازی دیل


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

دادگایەکی نەمسا سزای زیندانی هەتاهەتای سەپاند بەسەر کۆچبەرێـکی سوری بە تۆمەتی کوشتنی 20 سەربازی دەستگیرکراو و بریندار لە میانەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیدا.

دادگای شاری ئینسبروک پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە بڕیاری حوکمەکەی دا پاش ئەوەی دەستەی سوێندخۆران گوتیان ئەم کۆچبەرە کە پـێشتر لە لەشکری سوریای ئازادبووە و تەمەنی 27 سـاڵە هەستاوە بە کوشتنی 20 سەرباز.

تاوانبارەکە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو لە سەنتەری پەنابەران لە تیرۆل دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی کەسێـکی دیکەی سوری لایەنە بەرپـرسەکانی ئاگادارکردەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نەمسا دەڵێن تاوانبارەکە بە شانازیـیەوە بۆ پەنابەرەکانی دیکەی باسکردووە چۆن ئەو سەربازانەی کوشتووە کە هەندێـکیان برینداریش بوون.

پاش دەسـتگیرکردنی دانی‌نا بەوەی لە میانەی شەڕەکانی نێوان هەردوو ساڵی 2013 و 2014 لە ناوچەی حومس ئەو سەربازانەی کوشتووە، بەڵام دواتر لە دادگا لە دانپـیادانانەکەی پەشیمان بوویەوە و گوتی بە هەڵە لێدوانەکانیان وەرگێڕاوە. وەرگێڕەکەش لای خۆیەوە گوتی تاوانبارەکە ڕێک گوتبووی تەقەم لە سەرباز کردووە کە برینەکانیان قورس بوون. گوتیشی پێم گوتووە قسەکەت دووبارە بکەرەوە و جارێکی دیکە هەمان شتی گوتووەتەوە.

کاربەدەسـتانی نەمسا ناوی تاوانبارەکەیان ئاشکرا نەکرد بەو پـێـیەی یاسا ڕێگە نادات. هەروەها ناتوانن ڕەوانەی سوریای بکەنەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG