Accessibility links

نەمسا عێراقیـیەک دەستگیردەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەوڵی تێرۆرستی


دەسەڵاتدارانی نەمسا دەڵێن عێراقیـیەکیان دەسـتگیرکردووە کە گومانی لێدەکرێت هەوڵی هێرشی تێرۆرستی بۆ سەر شەمەندەفەرەکانی ئەڵمانیا دابێت لە ساڵی ڕابردوودا.

ئۆفیسی داواکاری گشتی نەمسا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند عێراقیـیەکە، پـیاوێکی تەمەن 42 ساڵە و ڕۆژی دووشەممە لەو شوێنەی لێی دەژیا لە شاری ڤیەننا دەسـتگیرکرا.

بەپـێی ئۆفیسەکە، ناوبراو گومانی لێدەکرێت سەر بە داعش بێت و لە هەردوو مانگی دە و دوازدەی ساڵی 2018 هەوڵی دابێت هێرشی تێرۆرستی لەسەر هێڵەکانی ئاسنینی ئەڵمانیا ئەنجام بدات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە سەرەتای مانگی دەی ساڵی ڕابردوو شەمەندەفەرێکی خێرا لەسەر هێڵی ئاسنینی نێوان هەردوو شاری نۆرمبێرگ و میونخ لە شیشێکی ئاسنی دا کە لەسەر هێڵەکە دانرابوو و لە ئاکامدا شوشەی پەنجەری پـێشی شەمەندەفەرەکە شکابوو، بەڵام کەس زیانی بەرنەکەوت. پاشان لێکۆڵەرەوان لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە نووسراوێکیان دۆزیەوە کە بە زمانی عەرەبی بوو، دەڵێن هەڕەشەی هەڕەشەی داعش بووە.

هەروەها لە کاتی جەژنی کرێسمسیشدا، زیان گەیەندرابووە هێڵێکی ئاسنین لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەرلین. پـۆلیس دەڵێت لە نزیک هێڵەکە نووسراوێکیان بە زمانی عەرەبی دۆزیـیەوە و لەگەڵ ئاڵای داعش دانرابوو.

داواکاری گشتی ئەڵمانیا و هەردوو پـۆلیسی بەرلین و باڤاریا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند ئەم عێراقیـیە تۆمەتبارە بە هەوڵی کوشتن و زیان‌گەیاندن بە هێڵەکانی شەمەندەفەر و ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆرستیدا.

XS
SM
MD
LG