Accessibility links

نەمسا داوا لە تاران دەکات پەناپارێزی دیپـلۆماسی دیپـلۆماتێکی ئێرانی لە وڵاتەکەی نەهێڵێت


نەمسا داوای لە تاران کردووە پەناپارێزی دیپـلۆماسی دیپـلۆماتێکی ئێرانی لە وڵاتەکەی نەهێڵێت، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا بە گومانی تێوەگلانی لە هەوڵێک بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە کۆنگرەیەکی ئۆپـۆزسیۆنی ئێرانی لە فەڕەنسا.

کاربەدەستێک لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ڤیەننا داواکەی ڕادەستی باڵیۆزی ئێران بۆ نەمسا کردووە و پـێی ڕاگەیاندووە لە ماوەی 48 کاژمێردا ئەو دیپـلۆماتە وەک دیپـلۆمات مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەهۆی بوونی فەرمانێکی ئەوروپایی بۆ دەستگیرکردنی.

جێی ئاماژەیە ئەم دیپـلۆماتە کە وەک دەڵێن ناوی ئەسەدوڵڵا ئەسەدیـیە و ڕاوێژکاری سێـیەمە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا، یەکێکە لەو شەش کەسەی لە بەلجیکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەستگیرکراون بە تۆمەتی پـلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە کۆنگرەکەی ڕۆژی شەممەی موجاهیدینی خەلق لە باکوری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی پـلانی وەهای هەبووبێت، دەڵێت ئەو تۆمەتێکی هەڵبەستراوە.

XS
SM
MD
LG