Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا لە کیێڤ بەڵێنی یارمەتی سەربازی دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ئەنتۆنی ئالبانێس لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کیێڤ بەڵێنیدا پشتیوانی زیاتری سەربازیی ئەو وڵاتە بکات، پشتیوانییەکانیش بریتی دەبن لە ئوتومبێلی زریپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

ئەم سەردانەی ئالبانێس یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیرێکی ئوستڕاڵیایە بۆ ئۆکرانیا، ئالبانێس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ وتی وڵاتەکەی " بە بڕی سەد ملیۆن دۆلار یارمەتی سەربازیی دەدات بە ئۆکرانیا." بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا مەبەستی دۆلاری ئەمەریکییە یاخود دۆلاری ئوستڕاڵی.

ئەو بڕە پارەیە بە دۆلاری ئوستڕاڵی دەکاتە 68 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.

سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا گوتی وڵاتەکەی کەلوپەلی سەربازیی زیاتر دەدات بە ئۆکرانیا، ئەو کەلوپەلانەی کە ئۆکرانیا داوای کردوون، لەوانەش 14 ئوتومبێلی زریپۆشی گواستنەوەی سەربازان و 20 ئوتومبێلی سەربازیی بوشماستەر و کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

لەلای خۆیەوە زێلێنسکی گوتی ئوستڕاڵیا " یارمەتییەکی بەرچاو دەدات بە ئۆکرانیا، بەتایبەتی لە پشتیوانی بەرگرییدا." ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی ئۆکرانیا ئوتومبێلەکانی بوشماستەر زۆر " بەرز دەنرخێنن."

ئالبانێس سەردانی شارۆچکەکانی بوچا و ئیرپینی ئۆکرانیای کرد کە لەوێ گوایە هێزەکانی ڕووسیا تاوانی جەنگییان ئەنجام دابێت، هەروەها سەردانی فڕۆکەخانەیەکی باکووری ڕۆژئاوای کیێڤیش کرد لە گۆستۆمێل.

ئالبانێس وتی " سەربەرزییەکی مەزنە بۆ من کە یەکەمین سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیام سەردانی ئۆکرانیا بکەم. گەشتەکەم پەیامێکی زۆر ڕوون پیشانی جیهان دەدات لەسەر بوونی هاوسۆزی لەنێوان گەلی ئوستڕاڵیا و گەلی ئۆکرانیادا."

هەروەها ستایشی " بوێری و خۆڕاگری و ئازایەتی و ئیرادەی " سەرۆکی ئۆکرانیا و هێزەکانی بەرگری و گەلی ئۆکرانیای کرد، وتی ئەوان " سوورن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی بێزارکەرێک کە بەبێ هیچ هۆکار و بیانوویەک یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە."

ئالبانێس گوتیشی ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست ببێت لە مانگی یانزەدا لە بالی، ئەوا " بەشێوازێک پێشوازی لێدەکرێت کە شایستەی بێت."

گوتی " ئەگەر پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت، ئەوا بەشێوازێک پێشوازی لێدەکرێت کە شایستەی بێت، پێشوازییەکەش پێشوازییەکی هاوڕێیانە نابێت."

XS
SM
MD
LG