Accessibility links

ئوسترالیا لە پاش پـوچەڵکردنەوەی هەوڵێـکی تێرۆرستی ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر

  • VOA News

کاربەدەسـتانی ئوسترالیا دەڵێن پاش پوچەڵکردنەوەی هەوڵێـکی تێرۆرستی لە وڵاتەکەیان، بڕیاریان داوە ڕێوشوێنی توند لە فڕۆکەخانەکانیان بگرنەبەر.

پـیتەر دەتن وەزیری کۆچبەری ئوسترالیا ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری مێڵبێرن بە پەیامنێرانی گوت ڕێوشوێنی توند دەگرنەبەر لە پشـکنینی گەشتیاریان و جانتا و کەلوپەلەکانیان. جەختی لەوەش کرد ئەم ئەرکە ئاسایشیـیە نوێـیانە هەتا کاتێـکی نادیاریکراو بەردەوام دەبن.

ڕۆژی شەممە پاش ئەوەی پـۆلیسی ئوسترالیا 4 کەسیان لە شاری سدنی دەسـتگیرکرد، ماڵکم تێرنبۆڵ سەرۆک وەزیری ئوسترالیا گوتی هێزەکانی ئاسایش توانیویانە پـلانێـکی تێرۆرستی پـوچەڵبکەن کە لە قۆناغی پـێشکەوتوودا بوو.

ڕۆژنامەکانی ئوسترالیا ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری کاربەدەسـتانی ئاسایشیـیەوە بڵاویانکردەوە ئەو چوار کەسەی دەسـتگیرکراون دوو باوکن لەگەڵ کوڕەکانیان و بە ڕەچەڵەک لوبنانین.

دەڵێن بە نیازبوون بۆمبێک و گازێکی ژەهراوی بخەنە نێو مەکینەیەکی وەکو ئەوەی گۆشتی پێ قیمەدەکرێت و لە ناو فڕۆکەیەکدا بیتەقێنـنەوە.

ڕۆژنامەکان دەشڵێن دەزگای هەواڵگری وڵاتێـکی بیانی زانیاری لەم بارەیەوە دابوو بە دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا، بۆیە گومان دەکرێت ئەم چوار کەسە لە دەرەوە فەرمانیان پـێکرابێت.

سەرۆک وەزیری ئوسترالیا ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە لێدوان بدات، بەڵام گوتی" لە سەردەمی ئنتەرنێت و ئیمەیڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکاندا سوریا لە ئوسترالیاوە دور نیـیە."

XS
SM
MD
LG