Accessibility links

ئوسترالیا بەشداریکردنی لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش لە سوریا ڕادەگرێت


ئوسترالیا بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش لە سوریا ڕاگرت، پاش ئەوەی ڕووسیا چەند هەڕەشەیەکی کرد لە ئاکامی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی حکومەتی سوریا لە لایەن فڕۆکەیەکی ئەمەریکاوە لە ڕۆژی یەکشەممەدا.

وەزارەتی بەرگری ئوسترالیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی فڕۆکەکانیەتی لە هەر ئەگەرێـک.

ئوسترالیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا نزیکەی 780 سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ژمارەیەکیان لە عێراقن. هەروەها 6 فڕۆکەی جۆری F/A-18 لە ناوچەکە هەیە بۆ بەشداریکردن لە هێرشە ئاسمانیـیەکاندا. ئوسترالیا لە مانگی نۆی ساڵی 2015 بڕیاری دا ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش ناو وڵاتی سوریاش بگرێتەوە.

مۆسکۆ ڕۆژی دووشەممە ناڕەزایـیەکی توندی دەربڕی بەرامبەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری سوخۆی 22 حکومەتی سوریا لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی فڕۆکە سوریـیەکە لە نزیک هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆردومانی کردبوو، بۆیە لە لایەن فڕۆکە ئەمەریکایـیەکانەوە ئاگادارکراوەتەوە لە ئاسمانی ناوچەکە دوربکەوێتەوە، بەڵام ئامادە نەبووە و لە بەرامبەردا فڕۆکەیەکی ئەمەریکا تەقەی لێکردووە و کەوتووەتە خوارێ.

XS
SM
MD
LG