Accessibility links

هێرشبەرێکی بە ڕەچەڵەک سۆماڵی لە ئوسترالیا بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر خەڵک و کەسێک دەکوژێت


کاربەدەستانی پـۆلیسی ئوسترالیا دەڵێن هێرشبەرێکی بە ڕەچەڵەک سۆماڵی لە شاری مەڵبۆرنی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە چەقۆ لە خەڵکی داوە و لە ئاکامدا کەسێک کوژراوە و 2 کەسیش برینداربوون.

ڕووداوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە کاتێ خۆجێی لە ناوچەیەکی کارداری شارەکە بووە، لەو کاتەی فەرمانبەران لە کارەکانیان لێدەبوونەوە. گەواهیدەران دەڵێن سەرەتا هێرشبەرەکە ئۆتۆمبیلێکی پـێبووە و لە ناوەڕاستی جادەیەکی ناوچەکە ئاگری گرتووە. پاشان دابەزیوە و بە چەقۆ لە خەڵکی داوە، بەر لەوەی هێزەکانی پـۆلیس بە برینداری دەسـتگیریبکەن.

گراهام ئاشتن سەرۆکی پـۆلیسی ناوچەی ڤیکتۆریا بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند وەک هێرشێکی تێرۆرستی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە دەکەن. گوتیشی هێرشبەرەکە بەهۆی برینەکانیـیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ژمارەیەک بتڵی غاز لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدابووە، ئەمەش پـێدەچێت هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوەی دابێت.

داعش لای خۆیەوە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و لە ڕێگەی میدیاکەی بە ناو ئەعماقەوە نووسیویەتی هێرشبەرەکە یەکێک بووە لە چەکدارەکانی و ئامانجی هێرشەکەی خەڵکی وڵاتانی هاوپەیمانان بووە.

کاربەدەستانی ئوسترالیا دەڵێن ناسنامەی هێرشبەرەکە دەزانن و بۆ دەیان ساڵە لە ئوسترالیا بووە.

XS
SM
MD
LG